پەروین نووری: لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ داهاتی نەوت نزیکەی 1.35 ترلیۆن دینار بوو

پەروین نووری: لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ داهاتی نەوت نزیکەی 1.35 ترلیۆن دینار بوو
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گەشبینن بەوەی هەولێر و بەغدا رێکبکەون بۆئەوەی لەسەر ئەو بنچینەیە و داهاتی ناوخۆ، داهاتێکی زیاتریان لەبەردەستدابێت.

پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 2020 ساڵێکی قەیراناوی بوو بۆ هەرێمی کوردستان و جیهان، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی بوو.

بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2020دا داهاتی نەوت نزیکەی ترلیۆنێک و 35 ملیار دینار بوو، بەڵام لە سێ مانگی دوای ئەوەدا بۆ نزیکەی 283 ملیار دینار دابەزی و ئەوەش روونیدەکاتەوە، کۆرۆنا و لێکەوتەکانی چ کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە.

دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان:

رووداو: دەمەوێت سەرەتا بزانم هۆکاری سەرەکی چییە تاوەکو ئێستا پرۆژەیاسای بودجەی شەش ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستان نەچووەتە پەرلەمان؟

پەروین نووری: بەڕاستی نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسندکردن دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک. یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەندێک بارودۆخی ئیداری و سیاسیی ناهەمواری بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئیتیحادییەوە بڕدرا و چیدیکە نەنێردرا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش کاریگەریی زۆر نەرێنیی هەبوو لەسەر بارودۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان. ئەوە وایکرد کە ئێمە بە ئابووریی سەربەخۆ و بە داهاتی ناوخۆ نەتوانین بەپێی پێویست بودجەیەکی زانستیی رێکوپێک دابڕێژین و بنێردرێتە پەرلەمان بۆئەوەی لە خزمەتی هەموو سێکتەرەکان و هەموو توێژەکانی کوردستان بێت و لە چوارچێوەیەکی یاساییدا خەرجی و داهاتەکان رێکبخرێن.

رووداو: باشە، ئەگەر بە زمانێکی سادەتر بڵێین، لەبەرئەوەیە چونکە پارە نییە و داهات نییە؛ بۆیە ناتوانین پرۆژەیاسایەکی بودجەیەکی رێکوپێکمان هەبێت؟

پەروین نووری: بەڕاستی داهات هەیە؛ نەک نییە. بەڵام داهاتەکان بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپانەی بەسەر کوردستاندا هاتوون لەدوای هەندێک رووداوی سیاسی و ئەو پەیوەندییانەی کە لەنێوان ئێمە و حکومەتی ئیتیحادی هەبوون، ئەوە وایکرد کە بەشە بودجەمان لە عێراق ببڕدرێت و ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی هەبوو لەسەر خەرج و داهاتەکان.

رووداو: ئێوە لە لێدوانێکدا بۆ رووداو دەڵێن دوو ساڵە وتووێژ لەسەری دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەنێردراوە بۆ پەرلەمان. ئێوە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا وتووێژتان لەسەر چی کردووە؟

پەروین نووری: بەڕاستی مەبدەئی موازەنە بریتییە لە داهات، خەرج و قەرزەکان و ئەو عیجزەیە کە لە ئەنجامی ئەو خەرج و داهاتە دروستدەبێت، واتە لێدەرکردنی ئەو خەرج و داهاتە و دانەوەی قەرزەکان. ئێمەش وەک وەزارەتی دارایی هەندێک لە داهاتەکان کە نەدەگەڕایەوە وەزارەتی دارایی، بەڵکو بەشێک لە داهاتە نەوتییەکان بەتایبەتی، داهاتە ناوخۆکان دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی. تەنیا لە داهاتی نەوتی بەشێکمان بۆ دەستنیشان دەکرا لەبەرئەوەی ئەوی دیکەی دەدرا بە قەرزی کۆمپانیاکان کە لە بواری نەوتدا وەبەرهێنان دەکەن. ئێمە وەک وەزارەتی دارایی نەمانتوانیوە بەپێی پێویست مەبدەئەکانی موازەنە بەدەستبهێنین. لەبەرئەوە تەنیا یەک جانبی موازەنە کە خەرجییەکان بوو لەگەڵ وەزارەتەکان زیاتر موناقەشە دەکرا. بودجەش ناکرێت بە کەموکورتییەوە بنێردرێتە پەرلەمان، بەڵکو دەبێت هەموو بنەماکانی تێدابێت، لەوانەش خەرج، داهات، قەرز و عیجزەکە و دواتر بنێردرێتە پەرلەمان. بۆیە نەتواندراوە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانیش بینێرێت بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ موناقەشەکردن و پەسندکردن.

رووداو: ئێستا لە عێراق ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020، کەچی نۆ مانگ لە ساڵی 2020 تەواوبووە. ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان هەمان شت هەبێت، ئەگەر هاتوو پرۆژەیاسای بودجەی 2020 لە عێراق پەسندکرا؛ دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیش شتێکی لەو جۆرە بکەن؟

پەروین نووری: سەبارەت بە 2020، بەڕاستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ماوەیەکی دیکەشی دەوێت تاوەکو پەسند دەکرێت. ئێمە با باسی 2020 نەکەین، بەڵام وەک 2021 چۆن عێراق دەیەوێت خەرج و داهاتەکانی لە پرۆژەیاسای بودجە لە چوارچێوەیەکی یاسایی جێگە بکاتەوە و ناردوویەتییە پەرلەمان بەم کۆتایی ساڵەدا، ئێمەش دەتوانین لە 2021 ئەگەر چەند مانگێکیش دوابکەوین، کە ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا و توانرا داهاتەکان بە فیعلی بێتە ناو گەنجینەی وەزارەتی دارایی و ستراتیژی حکومەت بۆ چ سێکتەرێکە دەستنیشانکرا، ئەوکاتە ئێمەش دەتوانین موازەنەی 2021 ئامادەکاریی بۆ بکرێت و بتوانین بینێرینە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانیش موناقەشەی بکات و دواتر بنێردرێتە پەرلەمان.

رووداو: باشە ئەگەر بەو جۆرە بێت، سوودی ئەوە چییە کە پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عێراق پرۆژەیاسایەک پەسندبکەن و تەنیا بۆ دوو مانگیش بێت، واتە بۆ مانگەکانی 11 و 12 بێت؟ مەبەست لەمە چییە؟

پەروین نووری: بەڕاستی ئەگەر سەیری پرۆژەیاسای بودجەی 2020 بکەین، 81 ترلیۆن [دینار] کورتهێنان هەیە لە پرۆژەیاساکەدا و ئەوەش لە تەحەمولی حکومەتی عێراقیدا نییە. هەربۆیە دەبێت حکومەت شەرعییەت بداتە بڕیارەکانی قەرزوەرگرتن، کە ئەوانیش یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتین یان قەرزی ناوخۆیین. تەنانەت بۆ مووچەی فەرمانبەرەکانیان نزیکەی 15 ترلیۆن قەرزی ناوخۆییان کردووە. بەمەبەستی شەرعییەتدان بەو قەرزانە و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، ئەو هەوڵە دراوە کە پرۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسندبکرێت تاوەکو وەزیری دارایی رابسپێردرێت بۆ قەرزکردن.

رووداو: ئەی بۆ هەرێمی کوردستان؟ دەمەوێت بزانم ئامادەکارییەک کراوە بۆ پرۆژەیاسای ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان؟ ئێوە پشت بە چی دەبەستن لەسەر ئەو پرۆژەیە؟ داهاتەکە چییە؟ دوایی باسی خەرجی و قەرزەکان دەکەین، بەڵام بۆ داهات، هەرێمی کوردستان پشت بە چی دەبەستێت؟

پەروین نووری: هەروەک ئاماژەم پێکرد، ئێمە وەک داهاتەکان، گەشبینم بەوەی کە سوودمەندبین لەو گفتوگۆیانەی لەلایەن شاندی باڵا بە سەرۆکایەتیی جەنابی کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری ئەنجامدەدرێن. گفتوگۆکان زۆر ئەرێنی بوون و زۆر شتی باش جێبەجێ کراون بە بەڵگەی ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەی 2020دا رەنگدانەوەی خۆی هەبووە و جێدەستی شاندە باڵاکە دیارە. ئەگەر بەشە بودجەی 2020 تێپەڕێندرێت، بە دڵنیاییەوە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021، ئەوکاتە ئێمە دەتوانین لەسەر بنچینەی ئەو بەشە بودجەیە و ئەو پشکەی کە لە حکومەتی ئیتیحادی بۆمان دەنێردرێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆی خۆمان و ئەو بەشەی کە لە نەوتەکە بۆمان دەمێنێتەوە، بتوانین هیچ نەبێت بژێویی خەڵک و سێکتەری گرنگی پێ جێبەجێبکەین.

رووداو: ئەو سێکتەرانە کامانەن کە گرنگن؟ واتە کام سێکتەر گرنگترە لەوانی دیکە؟ مەبەستم ئەوەیە بزانم ئەولەویەت و فۆکەسی ئێوە لەسەر پرۆژەیاساکە لەسەر چی دەبێت؟

پەروین نووری: هەموو سێکتەرەکان گرنگیی خۆیان هەیە. ئێمە وڵاتێکین دەتوانین وەبەرهێنان لە هەموو سێکتەرەکاندا بکەین، لەوانەش کشتوکاڵ، بازرگانی، گەشتیاری، پیشەسازی، تەنانەت لە خوێندنی باڵا کە چەندین زانکۆی ئەهلی هەن، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر بنچینەی قەیرانەکان ئامانجی لەپێشینە دیاریدەکرێت. بۆ نموونە، ئێمە لە قەیرانی داراییداین و ئەوەی کە پەیوەندیی بە بژێویی خەڵکەوە هەیە، دەبێت ئاگامان لە مووچەی مووچەخۆران بێت، واتە فەرمانبەر، خانەنشین، کەسوکاری شەهیدان و هەموویان. هەروەها ئەو قەیرانە تەندروستییەی کە ئەمڕۆ هەیە، تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆری دەوێت بۆ خەرجییەکانی. پێویستە فۆکەس بخرێتەسەر ئەوانەی کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە.

رووداو: دەمانەوێت ئەوە بە روونی بزانین، ئەگەر هاتوو پەرلەمان داوای پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستانی کرد، ئێوە دەتوانن ئامادەی بکەن و پێشکێشی بکەن و ئەوەش پەیوەستە بە چییەوە؟

پەروین نووری: بەدڵنیاییەوە ئێمە وەک وەزارەتی دارایی کاری خۆمانە کە جێبەجێی بکەین، بەڵام هەروەک چۆن لە سەرەتادا ئاماژەم پێکرد، دەبێت بە فەرمی داهات، خەرج و قەرز بزانین. خەرجییەکان پێویست نین، بەڵام خەرجیی 2020 بزانین، ئیدی دەتوانین خەمڵاندنی بۆ بکەین بۆ 2021؛ بەڵام داهاتەکە پێویستە بزانرێت، چونکە لەسەر بنچینەی داهاتەکە دەتوانین سەقفی خەرج دەستنیشانبکەین بۆ هەریەکێک لە وەزارەتەکان و دامودەزگاکان.

رووداو: زۆر باشە؛ داهاتی هەرێمی کوردستان بێ ئەوەی کە بەغدا پارە بنێرێت چەندە؟ چونکە ئێوە ناتوانن پرۆژەیاسایەک ئامادەبکەن لەسەر یەک داهات. دەمەوێت بزانم داهاتی هەرێمی کوردستان چەندە؟ چەند لەسەدی نەوتە؟ چەند لەسەدی لە ناوخۆیە، گومرگ و دەروازە سنوورییەکانە؟

پەروین نووری: وەک ساڵی 2020، خۆت دەزانیت کوردستان بە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا تێپەڕی و ئەوە تەنیا کوردستانیش نەبوو. کوردستان و جیهان بە بارودۆخێکی قەیراناویی تەندروستیدا تێپەڕبوون. ئەوەش وایکرد کە کاریگەریی لەسەر داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتیش بکات. نرخی نەوت دابەزی بۆ سالب، واتە بۆ هیچ. بەگشتی داهاتەکانمان زۆر زۆر دابەزیوون، ئەوەش بەراورد بە سەرەتای ساڵ. لە مانگەکانی یەک و دوو و سێ نزیکەی ترلیۆنێک و 35 ملیار [دینار] داهاتی نەوتیمان هەبوو، بەڵام لە مانگەکانی 4 و 5 و 6 دابەزی بۆ نزیکەی 283 ملیار [دینار]. ئەمە خۆی لە خۆیدا بەراوردێکی زۆر ئاشکرایە.

رووداو: ئەی خەمڵاندنتان بۆ 2021 چۆنە؟

پەروین نووری: هەروەک ئاماژەم پێکرد، گەشبینین بەوەی رێککەوتننامە لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی واژۆبکەین. ئەوکاتە پشکەکەمان لە بودجەی ئیتیحادی و داهاتی ناوخۆ لەسەر بنچینەی ئەوانە، داهاتەکەمان لەبەردەستدا بێت تاوەکو بتوانین خەمڵاندن بۆ خەرجییەکانمان بکەین.



rudaw
Top