لە سنووری ڕانیە دوو کەس بە دراوی ساختەوە دەستگیر کران
محەمەد فازڵ، گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند: "هێزەکانمان لە بنکەی ئاسایشی شکارتە لەناو شاری ڕانیە، پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر و وەرگرتنی زانیاریی دروست توانیان دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ش. ح. ع) و (ب. م. ف) لە ڕەگەزی نێر و دانیشتووی سلێمانی دەستگیر بکەن کە بڕێکی زۆری پارەی ساختەیان لە جۆری ٢٥ هەزار دیناری و ١٠ هەزار دیناری پێ بووە کە بڕەکەی ٦٣ ملیۆن و ٨٠ هەزار دیناری عێراقی و١٨٠٠ دۆلاری ساختەی ئەمریکی بووە".
محەمەد فازڵ ڕاشی گەیاند: "ئەو دوو تۆمەتبارە بڕێکی زۆر پارەی وڵاتانی بیانیان پێ بووە کە ساختە نەبوون، لەوانە١٠٠ دۆڵاری ئەمریکی،٤٠ ڕۆبلی بیلاڕووسی،٥٠٠ درهەمی ئیماراتی،١٠ ڕیاڵی سعودی) و ١٣ کارتی مۆبایلی کۆڕەک و دوو مۆبایلی (ئایفۆن هەشت پڵاس) و یەک مۆبایلی (سادە) نۆکیا و چوار (ئاڕمی) ئۆتۆمبێل".
گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین گوتیشی: "بە گوتەی تۆمەتباران لە هەولێرەوە هاتوون بۆ سنووری ڕانیە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی٢٨١ پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".
باسنیوز
