ئەمساڵ زۆرترین قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگهکان وەردەگیرێن
عەبدولسەلام دۆڵەمهری، سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "لێژنەیەکمان پێک ھێناوە، لێژنهكهشمان لەبارەی چۆنیەتیی وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگهکان و لەبارەی ئامادەکارییەکان گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات".
گوتیشی: "نووسراومان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە، بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی خوێندنی باڵا زیاد بکرێن".
عەبدولسەلام دۆڵەمهری ئهوهشى خسته ڕوو: "ڕۆژی سێشەممەی ئەم ھەفتەیە لێژنەکەمان کۆ دەبێتەوە، لەبارەی پرسی وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگهکان گفتوگۆ دەکەین، ڕۆژی دواتریش ئەنجوومەنی وەزارەت بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی قوتابییان و ڕێژەی وەرگرتنیش دیاری بکەن".
سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا له پهرلهمانى كوردستان جهختى لهوهش كردهوه، ئەمساڵ ھەوڵ دەدرێت زۆرترین ڕێژەی وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگهکان وەربگیرێن.
باسنیوز
