یەكەمین كچه‌ برینداری شۆرشی ئەیلوول چیرۆكی خۆی له‌ رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌

یەكەمین كچه‌ برینداری شۆرشی ئەیلوول چیرۆكی خۆی له‌ رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌
ئافره‌تێكی تەمەن 69 ساڵ لە ھیران وەكو یەكەمین كچی برینداری شۆرشی ئەیلوول لە دەڤەرەكە چیرۆكی برینداربوونی خۆی و ھەروەھا شەڕی پێشمەرگە و حكومەتی ئەوكات لە دەڤەرەكه‌ دەلێت: ئەو كات تەمەنم 10 ساڵ بوو و كاتێك بە سەختی بریندار بووم و قسەیان لە گەڵ كردووم گوتوومە بشمرم كێشە نیە بژی كورد و ئێستاش لەو رێبازە ھەر بەردەوامم.
خانێ سه‌لیم ئه‌و خانمه‌یه‌ ، كه‌ ئه‌وكات ماڵی ئه‌وان بووه‌ و به‌ر له‌ 59 ساڵ لێی بریندار بووه، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا دیوارێكی بێ بنمیچ ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ناو دیواره‌كانی ئه‌و خانووه‌ باسی شه‌ڕی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی رژێمی ئه‌وكاتی عێراق ده‌كات.

خانێ ئاسەواری برینی جەستەی نیشان دەدات ودەلێت: لە ناوچەکە من یەکەمین کچی برینداری شۆرشی ئەیلوولم، ئەو لە بنەماڵەیەکی پێشمەرگە گەورە بووه‌، جیا لەوەی باوك و برا و مامەکانی پێشمەرگە بوون، ماڵیان بەردەوام شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە بووە و دەلێت: ژنان ئەو کات شان بە شانی پیاوان بوون و رۆڵیشیان لە شۆرشی ئەیلوول بەرز دەنرخێنێت.

تەمەن تێپەریوە وشوێنەکە وەک خۆی نەماوە، خانێی 10 ساڵانیش ئیستا ته‌مه‌نی 69 ساڵه‌، شاخ و چیاکانی دەڤەرەکە یەك بە یەك بیرەوەریەکانی خانێ دێنێتەوە یادی، یادی شۆرشێك کە لە 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 كڵپه‌یدا و بووە شۆڕشێکی سەرتاسەری و خەڵکی کوردستانی بە ھەموو نەتەوە و ئایین وپێکھاتە جیاوازەکانەوە، لە زاخۆوە تا خانەقین لە ژێر سەرکردایەتی رێبەری نه‌ته‌وه‌یی مستەفا بارزانی نەمر کۆکردەوە.



k24
Top