سیاسه‌تمه‌دارێكی عێراقی داوا دەكات وڵاتەكەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە

سیاسه‌تمه‌دارێكی عێراقی داوا دەكات وڵاتەكەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە
میسال ئالوسی، سەرۆكی پارتی ئوممەی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، ١٢ی ٩ی ٢٠٢٠، پشتیوانیی خۆی بۆ ئاشتیی نێوان ده‌وڵه‌تی به‌حرێن و ئیسرائیل راگه‌یاند و داوای كرد، عێراقیش پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە.

له‌ لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی (شه‌فه‌ق نیوز)، ئالووسی پشتیوانیی رێكه‌وتننامه‌ی ئاشتیی نێوان ئیمارات و به‌حرێن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كات و پێی وایه‌ مه‌سه‌له‌ی ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین بۆته‌ شتێكی بازرگانی. هه‌روه‌ها پێی وایه‌ ئایین و پیاوانی ئایینی كردووه‌ به‌ ئامرازێك بۆ قۆرخكردن و شكستهێنان و گه‌نده‌ڵی و كوشتن.

ئالوسی له‌ قسه‌كانیدا گوتوویەتی: ”راسته‌ كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل له‌ ئارادا هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ رێگاچاره‌ی بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ش به‌ حاڵی خۆم پاڵپشتی به‌رقه‌راربوونی ئاشتی له‌ نێوانیاندا ده‌كه‌م“.

له‌ باره‌ی جووەكانی ئیمارات و به‌حرێن و قه‌ته‌ر ده‌ڵێ به‌ گشتی وڵاتانی كه‌نداو ژماره‌یه‌كی كه‌می جوویان لێ بووه‌ و ئه‌و جوانەی ئێستا له‌ كه‌نداو ده‌ژین، به‌ ئه‌سڵ خه‌ڵكی عیراقن. دەشڵیت: ”حاڵی حازر نزیكه‌ی 700 هه‌زار جووی خەڵكی عێراق له‌ ئیسرائیل ده‌ژین و ماقوڵه‌ جه‌نگ له‌ دژی ئه‌وانه‌ به‌رپاكه‌ین له‌پێناو جوانتركردن و خۆشتركردنی غه‌زه‌، یان له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ره‌سیدی گروپه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌ بانك؟“.

له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئیسرائیل، ئالووسی ده‌ڵێ: ”زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق، (له‌باره‌ی كورد قسه‌ ناكه‌م)، مه‌به‌ستم عه‌ره‌به‌ ئیسلامییه‌ فه‌رمانڕه‌واكانی به‌غدایه‌ به‌ سونه‌ و شیعه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا، واته‌ له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركرده‌كان و وه‌زیره‌كان چاویان به‌ سه‌ركردایه‌تیی ئیسرائیل كه‌وتووه‌ و قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردوون، به‌ڵام لە ئێرانییه‌كان دەترسن، چونكه‌ له‌ عێراق بڕیار به‌ده‌ست سه‌ركردایه‌تیی ئێرانه‌وه‌یه“.

دووپاتیشی كردۆتەوە: "ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ركرده‌كانی ئێران چاویان به‌ سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل كه‌وت، به‌ڵام ئیسرائیل خواسته‌كانی ئێرانیان ره‌تكرده‌وه‌“.

دوێنێ هه‌ینی، دۆناڵد تڕه‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، رێكه‌وتننامه‌ی ئاشتیی نێوان به‌حرێن و ئیسرائیلی به‌" ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی" له‌ قه‌ڵه‌م دا. ئەم ڕێككەوتننامەیەش دوای كه‌متر له‌ مانگێك دێت بەسەر ڕێككەوتننامەیەكی هاوشێوە لە نێوان ئیمارات و ئیسرائیل.










باسنيوز


Top