خوێندکارێکی زانکۆی دهۆک: نمرەکانم لە دوو وانە کەمکراونەتەوە
شانا نێچیرڤان ئەو خوێندکارەیە کە دەڵێت، نمرەکانی کەمکراونەتەوە، بەپێی بەڵگەیەک کە لە ڤیدیۆکە پێشانی دەدات، لە کۆرسی یەکەم ئەو یەکەم بووە، بەڵام لە کۆرسی دووەم کراوە بە دووەم و نمرەی لێ کەم کراوەتەوە.
شانا دەڵێت، لە وانەی زمانی ئینگلیزی 43 لە 50ـی هێناوە، بەڵام دواتر کەمکراوەتەوە بۆ 41، لە وانەی بۆتانیش 49 لە 50ـی هێناوە، بەڵام دوای ئەوە لە راپۆرتی کۆتایی ساڵ 30 لە 50ـی وەرگرتووە، بەو هۆیەوە نمرەکانی هاتوونەتە خوارەوە.
لەسەر ئەو وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە، لیژنەکە دەڵێت، هیچ ئاماژەیەک نییە کە دەریبخات نمرەکانی شانا نێچیرڤان کەمکرابێتەوە.
نەرمین سەعید، سەرۆکی بەشی زیندەوەرزانی لە کۆلێژی زانست لە زانکۆی دهۆک دەڵێت، ئەوان نمرەی کەسیان کەمنەکردووەتەوە و "نمرەی قوتابی دۆکیۆمێنتکراوە و هەمووی بەردەستە".
لەسەر داوای وەزارەتی خوێندی باڵا و بە سەرۆکایەتی زانکۆی دهۆک بۆ کاروباری زانستی، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی ئەو رووداوە پێکهێندراوە کە راگری کۆلێژی زانست و سەرۆکی بەشی زیندەوەرزانی لە لیژنەکە ئەندامن و بڕیارە بەدواداچوون بکەن.
450 خوێندکار لە بەشی زیندەوەرزانی لە کۆلێژی زانستی زانکۆی دهۆک دەخوێنن کە 70 لەو خوێندکارانە لە قۆناخی یەکەمن.
RUDAW
