چاپكراوی نوێ.. چوار بەرهەمە كتێبی (غەفور مەخمووری)ی نووسەرو سكرتێری گشتیی YNDK چاپكران

چاپكراوی نوێ..  چوار بەرهەمە كتێبی (غەفور مەخمووری)ی نووسەرو سكرتێری گشتیی YNDK چاپكران


گوڵان: بەهادین جەلال

(هزرو رامان) و ( استقلال كوردستان - الافكار و التأملات) و (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK- یۆبیلی زیوین 1995-2020) و ( الأتحاد القومي الديمقراطي الكوردستاني- YNDK اليوبيل الفضي 1995-2020) چوار بەرهەمە كتێبن لەلایەن (غەفوور مەخمووری) نووسەرو سیاسەتوان و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDKبە چاپێكی جوان و بەرگی قەشەنگ چاپكران و كەوتنە بەر دەستی خوێنەرانەوە.
كتێبی (هزرو رامان) بریتییە لە كۆمەڵێك وتاری سیاسی و هزری، ڕامان و خوێندنەوەیەكی واقیعبینانەیە بۆ ئەو ڕووداو و بویەرانەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە كوردستاندا ڕوویانداوە، لە هەمان كاتدا هەوڵێكە بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و یەكدەنگیی كوردان لەسەر ئاستی نەتەوەیی، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە بەرامبەر ڕووداو و پێشهات و ئەگەرەكاندا خوێندنەوەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی دروست هەبێت و وەك كورد و كوردستانی بۆ پرسەكان بڕوانرێت.
كتێبی( استقلال كوردستان - الافكار و التأملات)، بریتیە لە كۆمەڵێك وتاری سیاسی و هزری، لە هەمان كاتدا خوێندنەوەیەكی واقیعبینانەیە بۆ ئەو ڕووداو و بویەرانەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە كوردستاندا هاتوونەتە ئاراوە، نووسەر لە چەند دێڕێكدا ئاماژەی بەوە كردووەو كە بێ گومان سەربەخۆیی كوردستان فاكتەری سەرەكییە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكە و سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دووپاتیشی دەكاتەوە كە پێویستە وڵاتان و خاوەن بڕیارانی عەرەب و ڕۆشنبیران و ڕای گشتیی عەرەبی دەرك بەو ڕاستییە بكەن و خویندنەوەیەكی سەردەمییانەو واقیعبینانەیان هەبێت بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بە شێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكەن.
هەر دوو كتێبی(یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK- یۆبیلی زیوین 1995-2020) و وەرگێڕانەكەی بە عەرەبی( الأتحاد القومي الديمقراطي الكوردستاني- YNDK اليوبيل الفضي 1995-2020) بریتین لە كورتەیەك لە كارو خەبات و هزرو ڕامان و و هەڵوێستی YNDK، هاوكات هەموو ئەو پایامە پیرۆزباییانە لەخۆ دەگرن كە بۆ یۆبیلی زیوینی YNDK هاتوون، هەموویان لە دووتوێی ئەم دوو كتێبەدا چاپ و بڵاوكراونەتەوە، بەمەش بوونەتە بەشێك لە مێژوو و ئەرشیفی كارو خەباتی YNDK بۆ نەوەكانی داهاتوو.
شایانی باسە هەروەكو نووسەر لە پێشەكی ئەم كتێبانەدا بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی ئاماژی پێ كردووە، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە نەورۆزی ساڵی 1995 خۆی ڕاگەیاندووە و ساڵانەش لە ڕۆژی نەورۆزدا یادی دەكاتەوە، ئەم ساڵیش 2020 پێی نایە یۆبیلی زیوین واتا 25 ساڵی تەمەنی كارو خەبات و بەرخودانی خۆی تەواوكرد، لە ماوەی ڕابردوودا مێژوویەكی پڕ لە هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی و جوامێری و بەرخودان و وڵاتپارێزی تۆماركردووە.
چوار دانە لەم كتێبانە گەیشتوونەتە گۆڤاری(گوڵان)... پیرۆزبایی لە نووسەرو سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK كاك غەفوور مەخمووری دەكەین، هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازین.




Top