داوا دەکرێ ساڵڕۆژى هەڵگیرساندنى شۆڕشى ئەیلوول بکرێتە رۆژى نیشتیمانیى پێشمەرگە

داوا دەکرێ ساڵڕۆژى هەڵگیرساندنى شۆڕشى ئەیلوول بکرێتە رۆژى نیشتیمانیى پێشمەرگە


سەرۆکى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند دەزگاى نیشتیمانى پێشمەرگە ژمارەیەکى زۆر واژووى کۆکردووەتەوە بۆ دەستنیشانکردنى رۆژێک بۆ رۆژى نیشتیمانى پێشمەرگە، ئێمەش پێشنیازمان کردووە 11/9 کە ساڵڕۆژى هەڵگیرساندنى شۆڕشى ئەیلوولە بکرێتە رۆژى جیهانى پێشمەرگە.

رێڤینگ هرورى، سەرۆکى لیژنەى پێشمەرگە لە پەرلەمانى کوردستان راگەیاند: "چەندین پێشنیاز لەلایەن دەزگاى دەزگاى نیشتیمانى پێشمەرگە و کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان و دەزگاى باڵاى ئەیلولەوە بۆ پەرلەمان رەوانە کراوە، بۆ دەستنیشانکردنى رۆژی نیشتیمانى پێشمەرگە کە شایستە بە ماندووبوون و قوربانیدانى پێشمەرگە بێت".

راشیگەیاند: "ئێمە بۆچوونى خۆمان لەمبارەیەوە داوە و پێمان باشە ١١ی ٩ى هەموو ساڵێک کە ساڵڕۆژى هەڵگیرساندنى شۆڕشى ئەیلوولە، بکرێتە رۆژى نیشتیمانیى پێشمەرگە، چونکە شۆڕشى ئەیلول تاکە شۆڕشى سەرتاسەرى بوو لەوکاتە کە توانى بووى سەرجەم چین و توێژ و لایەنە جیاجیاکانى هەرچوارپارچە لە باشور کۆبکاتەوە، بەسەرجەم بۆچوونە جیاجیاکان، هیوادارین ئەمە بەسیاسى نەکرێت چونکە شۆڕشى ئەیلوول شۆڕشێکى سەرتاسەرى بوو".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" سەرجەم سەرکردە باڵاکانى ئێستاى گۆڕەپانى سیاسى و ئیسلامى و عەلمانى و چەپەوە، کە ئێستا لە گۆڕەپانى سیاسى کوردستاندان، کادیر و پێشمەرگە و سەرکردەى دیارى شۆڕشى ئەیلول بوون، بۆیە ئێمە پێمان باشە ئەورۆژە دەستنیشان بکرێت بە رۆژى نیشتیمانى پێشمەرگە".





باسنیوز
Top