تەیفوور بوتحایی سینەماکار و نووسەری کوردی رۆژهەڵات کۆچی دواییکرد

تەیفوور بوتحایی سینەماکار و نووسەری کوردی رۆژهەڵات کۆچی دواییکرد
ئێوارەی ئەمڕۆ تەیفوور بوتحایی، سینەماکار و نووسەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە سوێد کۆچی دواییکرد.

تەیفوور بوتحایی یەکێکە لە پێشەنگەکانی سینەما و نووسینی رۆمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. رۆژی 8ـی مارسی 1947 لە شاری سنە لەدایکبووە و هەر لەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندوویەتی تا ساڵی 1969. لەو ساڵەوە تا ساڵی 1972 لە خوێندنگەی باڵای سینەمای ئێران خوێندوویەتی و بڕوانامەی فیلم هەڵگرتنی لەو خوێندنگەیە وەرگرتووە.

تەیفوور بوتحایی یەکێکە لە کەسە یەکەمەکان کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کاری سینەمای کردووە و یەکەمین بەڵگەفیلمی لەسەر سینەمای کوردی تۆمارکردووە کە یەکێک لەوانە فیلمی نان و ئازادییە کە ناوبانگێکی زۆری هەیە.
لە سەرەتای 70 کانی سەدەی رابردوو بە تاوانی ئەندامێتی لە گرووپی 12 و چەپخوازی لە ئێراندا، لەگەڵ خوسرەو گوڵسورخی، شاعیری شۆڕشی ناسراوی ئێرانی و 10 کەسی دیکە سزای گرتووخانەی ئەبەدی بەسەردا سەپا. لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە ساڵی 1979 لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی دیکەی ئێران ئازادکرا و گەڕایەوە بۆ کوردستان.

تەیفوور چەندین رۆمان و کتێبی چیرۆکی "دەگمەنی" هەیە کە بە یەکێک لە نووسەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری رۆمان و چیرۆک ناوی تۆمارکراوە. کتێبی لە کوردستانەوە بۆ کوردستان یەکێکە لەو کتێبانەی کە لە چوارچێوەی ژیاننامەی کوڕێکی سنەییدا نووسراوە.

تەیفوور بوتحایی خۆی بە چاوی خۆی شەڕی 24 رۆژەی سنەی بینیوە و تۆماری کردووە، بەڵام بە درێژای ئەو چەندساڵەدا جگە لە چەند میدیایەک نەبێ، زۆر خۆی لە هەڤپەیڤین و دەرکەوتن نەداوە. هەروەها چەندین وەرگێڕانی هەیە کە یەکێک لەوانە کتێبی داراکان و نەدارەکانی ستیڤان روستیلیووسە.



rudaw
Top