قوتابییەک لە گوندێکی گەرمیان: باوکم پارەی نییە لاپتۆپم بۆ بکڕێت
مالیک قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە مامۆستایان نییە، "مووچە نەبوو و مامۆستاکان نەدەهاتن ئەوە کۆرۆناش هات، ئەگەر بکرێتە ئۆنلاین هیچی لێنازانم، باوکیشم پارەی نییە لاپتۆپم بۆ بکڕێت، ئەوەش بکڕێت، خەت نییە".
محەممەدیش دەڵێت، لە پۆلدا لە وانەی عەرەبی، ئینگلیزی و بیرکاری بە ئەستەم تێدەگەیشتن، بە مامۆستایان دووبارە دەکردەوە، "جا ئۆنلاین بێت چۆن تێبگەین".
قەیرانی دارایی زیاتر لە سێ ساڵە ناوبەناو دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن بە رووی قوتابیان و خوێندکاراندا دادەخات، بەڵام کۆرۆنا بەتەواوی خوێندنی پەکخست و حکومەت دەیەوێت خوێندن بکات بە ئۆنلاین، بەڵام خراپی باری دارایی خەڵک و نەبوونی هێڵی ئینتەرنێتی خێرا، هەڕەشەیە لە بەردەم دەستپێکردنەوەی ساڵێکی نوێی خوێندن بە شێوازی ئۆنلاین.
لە بەشێک لە گوندەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان هێڵی ئینتەرنێت نییە. کازم سدیق لە گوندێکی گەرمیان جووتیارە و منداڵەکانی قوتابین، دەڵێت "منداڵەکانی من بە زۆری دەمی دایک و باوک دەچنە خوێندن، ئەی چۆن من لاپتۆپیان بۆبکڕم".
مستەفا محەممەدیش بەهەمانشێوە جووتیارە، دەڵێت "خەت لە ماڵی مندا نییە، مۆبایل و لاپتۆپ نییە ئەوجا ئێمە شەش قوتابیمان هەیە، وابڕوات منداڵەکان دەردەکەین".
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە سنووری 1080 گوندی پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین کێشەی هێڵی ئینتەرنێتیان هەیە.
دەستپێکردنەوەی خوێندن بۆ قۆناخی 12ـی ئامادەیی لە 27-9-2020 دەبێت و هەموو قۆناخەکانی دیکەش لە 10-10-2020 دەبێت. بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەش وەزارەتی پەروەردە، ئەگەر قوتابخانەی ئەو ناوچە دوورەدەستانەی ئینتەرنێتیان پێناگات لەباربێت، ئەوا خوێندن لەنێو پۆل دەستپێدەکاتەوە.
مامۆستا دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان بە رووداوی گوت، لە 27-9 دەوامی 12ـی ئامادەیی دەستپێدەکاتەوە، پۆلی یەک و دووی بنەڕەتی لە 10-10 و پەیمانگەکان لە 3-10 و پەیمانگەکانی گەشەپێدان لە 15-10 دەست بە دەوام دەکەنەوە. "بەڵام لەژێر چاودێریی رێنماییە تەندروستییەکان".
لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 707 هەزار و 249 قوتابی هەیە، 130 هەزار مامۆستای میلاک، 17 هەزار وانەبێژ و سێ هەزار سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هەیە، لەو ژمارەیە 83 هەزار خوێندکار و قوتابی و 13 هەزار مامۆستا دەکەونە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە.
rudaw
