ئامانجی سەردانەكەی كازمی بۆ هەولێر ئاشكرا دەكرێت
پلانی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئاشكرا دەبێت.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-9-2020، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی، بگاتە هەولێر.
بەشێك لە میدیاكانی عێراق لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویان کردووەتەوە، مستەفا کازمی لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بڕیاریشە کازمی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، بکات.
هەر لەمبارەیەوە بەرپرسێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند، كازمی بە سەركردایەتیی شاندێكی گەورە سەردانی هەولێر دەكات و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.
جەختیش كراوەتەوە كە سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان لە پێناو تەواوكردنی ئەو گفتوگۆیانەیە كە ماوەیەكی درێژە لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی شاندی جۆراوجۆردا بەڕێوە دەچن.
ئەم سەردانەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان هاوكاتە لەگەڵ سەردانی شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا كە لە ڕۆژی سێشەممەوە كۆبوونەوەكانیان لەبارەی دۆسیەكانی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق و مووچە و نەوت دەست پێكردووە.
چاوەڕوان دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، مستەفا كازمی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان كۆببێتەوە.
باسنیوز
