وردەکاریی رووداوی کوشتنی پێنج ئەندامی خێزانێک لە بەغدا

وردەکاریی رووداوی کوشتنی پێنج ئەندامی خێزانێک لە بەغدا
گەڕەکی ئەمین لە رۆژھەڵاتی بەغدا چیرۆکی کوشتنی خێزانێکی پێنج کەسیی لێ تۆماردەکرێت، رووداوێک کە رووندەبێتەوە بکوژەکە کەسی نزیکی خۆیانە، ھەمووان تووشی شۆک دەکات.

بە دەمانچەی گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ، عەلی جەعفەری تەمەن 53 ساڵ کە شۆفێری تەکسییە و فەرمانبەری گرێبەستە لە وێستگەی کارەبای ئەمین، سوھاد عەبدی ھاوژینی تەمەن 43 ساڵ، زەینەبی تەمەن 17 ساڵ، سورای تەمەن 15 ساڵ و عەباسی 7 ساڵان دەکوژرێن، بکوژ خوشکەزای عەلی جەعفەرە و بەردەوام ھاتووچۆی کردوون، بەگوێری لێکۆڵینەوەکان کەسوکارەکەی گوتوویانە باری دەروونیی تەواو نییە و ئەمە ھۆکاری پشت رووداوەکەیە.

جاسم محەمەد، کەسوکار و دراوسێی خێزانە کوژراوەکە دەڵێت "بارودۆخیان باش نەبوو، ئەو پیاوە فەرمانبەر بوو بە گرێبەست و رۆژانەش بەو تەکسییە کاری دەکرد، واتە پارەیەکی ئەوتۆی نەبوو، دۆخی خراپ بوو، سەیرکە ئەوە ماڵەکەیەتی پێوەی دیارە کە ھی کەسێکی ھەژارە نەک دەوڵەمەند، بۆیە رووداوەکە بەھۆی پارە و ئەو شتانەوە نەبووە، بەڵام پێدەچێت کێشەکە کۆمەڵایەتی بووبێت، چونکە بکوژەکە کوڕی خوشکیەتی و خۆشی دانی بەوەدا ناوە".

چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە پۆلیس تۆمەتبارەکە دەستگیردەکەن و دان بەوەدا دەنێت ھەموویانی بە دەمانچەکەی کوشتووە، بەڵام دەڵێت نازانێت بۆ، کاتێکیش پرسیاری چۆنێتیی دەستکەوتنی دەمانچەکەی لێدەکەن، پێیاندەڵێت ئەوە شتێکی تایبەت بە خۆیەتی و نایدرکێنێت، ھەر لەنێو ماڵەکەدا دوای کوشتنی ئەو خێزانە دروشمی "ئەوە چارەنووسی ئەو کەسانەیە کە زمان درێژی بەرامبەر سەرایا سەلام دەکەن" دەڵێتەوە.

مستەفا ئیبراھیم، دراوسێی خێزانە کوژراوەکە دەڵێت باس لەوە دەکات "خێزانی زۆر باش بوون، ھیچ کێشەیەکیان نەبووە، ماوەیەکی زۆرە لێرە دەژین و دەیانناسین، بەس کێشەمان لێیان نەدیوە، شۆفێری تەکسی بوو پیاوەکە، ھەروەھا فەرمانبەربوو لە وێستگەی ئەمین، دۆخی ئابوورییان ئاسیی بوو، زۆر باش نەبوو، بۆیە باوەڕناکەین لەبەر پارە کوژرابێتن".

ماوەی ھەفتەیەکە لە بەغدا، بەسرە، میسان و چەند پارێزگایەکی دیکە ھەڵمەتێکی چڕ دەستیپێکردووە لەپێناو دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، بەڵام ھێشتا ئەستەمە لەنێو سەدان گرووپی جیاواز کۆنترۆڵی ئەو دۆخە بکرێت کە بە ئاسانی دەستت بە چەک نەگات.


rudaw
Top