مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە کەرکووک داوادەكەن راژەكانیان بگوازرێتەوە سەر بەغدا

مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە کەرکووک داوادەكەن راژەكانیان بگوازرێتەوە سەر بەغدا
سێ سێشەممەیە مامۆستایانی خوێندنی کوردی دێنە بەردەم نووسینگەی کەرکووکی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک. دروشمی جیاواز بەرزدەکەنەوە و دەیانەوێت دەنگیان بگاتە ناوەندی بڕیاری بەغدا تاوەکو داواکارییەکانیان کە بریتییە لە گواستنەوەی راژەیان لە میلاکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆسەر عێراق جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو داواکارییەش چەندین هۆکار دەخەنەڕوو.

سەربەست عەبدولواحید مامۆستایە و دەڵێت "مووچەکانمان دوادەکەوێت، 30 رۆژ جارێک نایەت، کەمدەکرێتەوە، لێی دەبڕدرێت، هەروەها لێرە فەرمانبەر مافی پێدانی زەویی هەیە، دەبێتە کەفیل".

جیاواز لە گردبوونەوەکانی پێشوویان، ئەمجارە ئەو مامۆستایانە بەیاننامەیەک رادەستی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق دەکەن و دەیانەوێت بگەنە سەرۆکوەزیران تاوەکو ئەو چارەی دەردیان بکات.

یەکێتیی مامۆستایان بۆ ئەو پرسە پێشتر چەند دیدارێکیان ئەنجامداوە، لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی نەرێنیی ئەوانیان پێ راگەیێندراوە.

کامەران عەلی، بەرپرسی لقی کەرکووکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت "ناتوانین بڵێین زۆربەی مامۆستایان دەیانەوێت بچنەوە سەر ناوەند، خواستی هەندێک لە مامۆستایانی کەرکووکە، ئێمەش ئەو خواستە بە هەند وەردەگرین، پێش 10 رۆژ سەردانی جەنابی وەزیرمان کرد، جەنابی وەزیر راشکاوانە پێی گوتین که پشتگیریمان ناکات لەسەر ئەمە، گوتی وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆمان بە خاوەنی ئەو مامۆستایانە دەزانین و پشتگیرییان دەکەین".

داواکارییەکان روو لە بەغدان، ئەوانیش لە رێگەی پەروەردەی کەرکووکەوە بە خواستی مامۆستایانی خوێندنی کوردی ئاشنان، بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەری پەروەردە کە نوێنەرایەتیی وەزارەت دەکات لەم پرسەدا، ئەم هەنگاوە بڕیاری گەورەی سێ سەرۆکایەتییەکەی پێویستە و هێندە ئاسان نییە.

عەبد عەلی تەعمە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات "ئەوە پێویستی بە بڕیارە لە پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و کۆمار، ئەوەی پەیوەستە بە ئێمەوە ئەوەیە کە داواکارییەکەمان گەیاندووەتە جەنابی وەزیر، لەوانەیە جەنابی وەزیر بیداتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوکات پێویستی بە بڕیاری سێ سەرۆکایەتییەکەیە بۆ گواستنەوەی راژەی مامۆستایان لە وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆسەر وەزارەتی پەروەردەی ناوەند لە بەغدا".

زیاتر لە حەوت هەزار مامۆستا و هەزار و 800 فەرمانبەری خوێندنی کوردیی کەرکووک مووچەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدەدرێت، ئێستا کە قەیرانی دارایی هەیە لە یەک قوتابخانەدا هەندێک لەو مامۆستایانە کە بە چەند مانگ جارێک مووچەیەک وەردەگرن، مامۆستای دیکەیان لەگەڵدایە مووچەکەی لە بەغدایە، بەبێ لێبڕین و دواکەوتن وەریدەگرێت و سوودمەندیشە لە زۆربەی ئەو بڕیارانەی حکومەتی عێراق دەیدات لە بەرژەوەندیی فەرمانبەر.


rudaw
Top