لێژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی جێگری پارێزگاری نەینەوا دەكات

لێژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی جێگری پارێزگاری نەینەوا دەكات
سەرۆکی لێژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان ئاشکرای کرد لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەویەك ساز دەکەن و بانگهێشتی جێگری پارێزگاری نەینەوای كردووە بۆ ڕوونكردنەوەی چەندین بابەت كە تایبەتن بە خەڵكی شنگال.

لەمبارەیەوە جوان یوونس ڕۆژبەیانی، سەرۆكی لێژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕايگەیاند: "بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بانگهێشتی سیروان ڕۆژبەیانی جێگری پارێزگاری نەینەوا بکەین و دێتە پەرلەمان بۆ گفتۆگۆكردن لەسەر چەند بابەتێكی پەیوەست بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەتایبەت قەزای كە سەر بە پارێزگای نەینەوایە".

ئەو پەرلەمنتارە گوتیشی: "ڕاستە مووسڵ و قەزای شنگال لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە هەرێمی كوردستان نین، بەڵام چونکە لە ناوچە کوردتانییەکان هەڵکەوتوون و ئەوانیش لەسەر ناوچە كوردستانییەكان چەندین لێژنەیان دروست كردووە بۆ پارێزگای نەینەوا و قەرەبووی زیانلێكەوتوانی کوردانی ئێزدییەكان و شنگال بکەنەوە وە هەندێك كێشە و گرفت هەیە سەر بە پارێزگای نەینەوایە كە ئەوان وەك پارێزگا دەتوانن چارەسەری بكەن".

جوان ڕۆژبەیانی ڕاشی گەیاند: "لە تەوەرێكی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا دەمانەوێت بزانین ئەو لێژنەی كە ئەوان دروستیان كردووە لەسەر چ بنەمایەک دروست كراوە و ئالیەتی كاركردنیان چۆنە بۆ قەرەبووكردنەوە و دەمانەوێت هەماهەنگییەك هەبێت لە نێوان پەرلەمان و جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتواین لە ناوچەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم لە سنوری پارێزگای نەینەوا كێشەكان چارەسەر بكەین".












باسنيوز


Top