بۆ رەخساندنی هەلی كار لە كوردستان یەكێتیی ئەورووپا ١٢٠ ملیۆن دۆلار دەداتە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان

بۆ رەخساندنی هەلی كار لە كوردستان یەكێتیی ئەورووپا ١٢٠ ملیۆن دۆلار دەداتە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان
به‌رپرسى نووسينگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى يه‌كێتى ئه‌ورووپا له‌ هه‌ولێر و نێرده‌ى يه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ عێراق، ئاشکرای دەکات بۆ ڕەخساندنی هەلیکار و لەپێناو هاندانی پرۆژە چاکسازییەکان 120 ملیۆن دۆلار پێشکەشی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکانی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە کراوە دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی كوردستان، دیدارێكی لەگەڵ ڤينسۆ كييۆم، به‌رپرسى نووسينگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى يه‌كێتیى ئه‌وروپا له‌ هه‌ولێر و نێرده‌ى يه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ عێراق ئەنجام داوە.

ئاماژە بەوەش کراوە‌ لەو ديدارەدا باس له‌ دابينكردنى هه‌لى كار و ئه‌نجامدانى خولى په‌ره‌پێدان بۆ گه‌نجان و پشتگيرى چه‌ند كه‌رتێك و بەتایبەت پرۆژە چاکسازییەکان له هه‌رێمى كوردستان كراوە.

به‌رپرسى نووسينگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى يه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ هه‌ولێر ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێمه‌ به‌ بڕى 120 مليۆن دۆلار هاوكارى دارايى پێشكه‌ش به‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان دەکەین، ئه‌وانيش له‌ڕێگه‌ى داڕشتنى به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ى خۆيانه‌وه‌ خولى په‌ره‌پێدانى توانا و ره‌خساندنى هه‌لیكار بۆ گه‌نجان ساز ده‌كه‌ن".

ئەو بەرپرسەی ئەوروپا ،پشتیوانی لە پڕۆژەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و گوتی:"ئێمه‌ پشتگيرى پرۆژه‌ى چاكسازى حكومه‌تی هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ين".

سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە: "ئێستا هه‌رێمى كوردستان پێويستى به‌ بووژانه‌وه‌ و پێشخستنى كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ و ته‌ندروستى هه‌يه‌ و دەبێت ئەورووپا هاوکار بن، چونکە چه‌ندين كارگه‌ى پيشه‌سازى هه‌ن به‌شێكييان پێويستييان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و ته‌كنه‌لۆژياى نوێ هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌كار بكه‌نه‌وه،‌ هه‌ندێك بواريش هه‌يه‌ تا ئێستا كارگه‌ى نیيه‌ بۆ ئەوەش دەبێ پاڵپشتمان بن".












باسنيوز


Top