مامۆستا عومەر شیرەمەڕی بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد

مامۆستا عومەر شیرەمەڕی بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد
مامۆستا عومەر حەمەساڵح، ناسراو بە عومەر شیرەمەڕی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی پێشووی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێکانی کۆچکردوو کردووە و نووسیویەتی "دڵگران بووم بە بیستنی كۆچی دوایی ئەو پیاوە دڵسۆز و تێكۆشەرە، لەدەستدانت هەمووانی خەمناك كرد".

هەروەها بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا عومەر شیرەمەڕی، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پەیامێکی هاوخەمیی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "بە داخ و كەسەرێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی ناوادەی مامۆستا عومەر شیرەمەڕی، سەرۆكی پێشووتری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و پەروەردەكارێكی كارامان پێگەیشت، لە ناخەوە نیگەران بووین و پرسەكەشی بە پرسەی یەكێتیی مامۆستایان دەزانین".

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و ھاوڕێیانی عومەر شیرەمەڕی کردووە و نووسیویەتی "پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆمان ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و بنەماڵە و ھاوڕێیانی خوالێخۆشبوو، ده‌كه‌م و داوام له‌ خودای گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ر ره‌حمه‌تی خۆی بخات و به‌ به‌هه‌شتی به‌رینی شاد بكات و دوا کۆستی بنەماڵە بەرێزەکەتان بێت و سه‌بووری و دڵنەوایی هه‌موو لایه‌ك بدات".

عومەر شیرەمەڕی لە ساڵی 1953 لە هەڵەبجە لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردیدا هەیە، ساڵی 1977 لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیرکراوە و لە ساڵی 1981 بووەتە پێشمەرگە. ساڵی 2002 وەکو سکرتێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان هەڵبژێردراوە.

ساڵی 2003 لە پەروەردەی سلێمانی وەکو راوێژکاری وەزارەتی پەروەردە دەستبەکاربووە، ساڵی 2004 هەر لە سلێمانی بووەتە بریكای وەزارەتی پەروەردە و لە ساڵی 2006ـەوە وەكو راوێژكاری پەروەردەیی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان كاردەكات.

چەند رۆژێكە عومەر شیرەمەڕی لە نەخۆشخانە باری تەندروستیی ناجێگر بوو، هاوکات تووشی ڤایرۆسی کۆرۆناش ببوو، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 7ی ئەیلوول كۆچی دوایی كرد.


rudaw
Top