خوێندنی باڵا: خوێندکار نابێت لە کافتریا بمێنێتەوە و ماسک و پەنجەوانەش ناچارین
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەمەبەستی سەلامەتی و پاراستنی مامۆستا، فەرمانبەر و قوتابی و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان، 21 رێنمایی بۆ کاتی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021 بڵاوکردووەتەوە، لەنێویاندا پۆشینی پەنجەوانە و ماسک بەشێوەی ناچاری.
بەپێی رێنماییەکان، مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابی و خوێندکاران ئەگەر پەنجەوانە و ماسک نەپۆشن لە پرسگە رێگە بە چوونە ژوورەوەیان بۆ نێو زانکۆ و پەیمانگەکان نادرێت. لە یەکێک لە رێنماییەکاندا هاتووە، نابێت فەرمانبەران شوێنی ئیشکردنی خۆیان بەجێبهێڵن و هاتووچۆی ژوورەکانی دیکە بکەن، تەنیا لە حاڵەتی گرنگ و زۆر پێویستدا نەبێت.
لە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا ئاماژە بەوەش کراوە، دەبێت بایەخ بە هەواگۆڕکێ بدرێت و سپلیت و ئامرازەکانی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە بکوژێندرێنەوە و هەوڵبدرێت پەنجەرە و دەرگاکان بە کراوەیی بهێڵدرێنەوە بۆ ئەو مەبەستە.
هەروەها بەپێی رێنماییەکان، کافتریاکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دادەخرێن، ئەگەر کراوەش بن، دەبێت رێگەنەدرێت قوتابی و خوێندکاران تێیدا دابنیشن و تەنیا خواردن و خواردنەوە پێشکەش بکەن لەڕێگەی کەلوپەلی سەفەرییەوە.
rudaw
