ئاگرەکەی چیای زۆزک نایابترین دار و دەیان جۆر خشۆک و باڵندە دەسووتێنێت

ئاگرەکەی چیای زۆزک نایابترین دار و دەیان جۆر خشۆک و باڵندە دەسووتێنێت
ماوەی پێنج رۆژە چیای زۆزک لە سۆران ئاگری لێکەوتووەتەوە و تەواوی زۆزکی سەوز رەشپۆش بوو، هەرچەندە پۆلیسی بەرگریی شارستانی و ژمارەیەکی زۆری هاونیشتیمانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام بۆیان نەکراوە.

ئەمساڵ لە سنووری دەڤەری سۆران لە نێوجەرگەی 19هەمین ناشناڵ پارکی جیهان کە هەڵگورد سەکرانە لەگەڵ ناوچەی پارێزراوی ژینگەیی بارزان 258 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە و رووبەری دوو هەزار و 981 دۆنم رەز و باخ و پووش و پاوان سووتاون.

ئاگرەکە پێنج رۆژە بەردەوامە، تەڕ و وشک پێکەوە لە چیای زۆزکی سۆران دەسوتێنێت، ژمارەیەک هاونیشتیمانی و پۆلیسی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام خەریکە زۆزک بەرگە سەوزەکەی بەتەواوەتی رەشپۆش دەبێت و ئاسمانی ناوچەکەشی کردووەتە یەک پارچە دووکەڵ.

جەمال مستەفا جووتیارە و دەڵێت "پێنج رۆژە بە شەو و رۆژ سەرقاڵی کوژانەوەی ئاگری زۆزکین، نەچووباین ئاگر گوندەکەشمانی دەسووتاند، سەیرکە لەوەڕگا، دارستان و ژینگە جوانەکەمان چی بەسەرهات".

تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە، خێرایی ئاستی با، سەختیی ناوچەکە و بوونی مین و تەقەمەنی هۆکارن بۆ کۆنترۆڵنەبوونی ئاگرەکە. نایابترین داری سرووشتی کە مازوو و بەڕوون، دەبنە خەڵوز. دەیان جۆر لە خشۆک و باڵندەش سووتاون.

بەیار باڵەکی، گوتەبێژی پۆلیسی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت "کەمتەرخەمی لە ئێمە نەبووە، بەڵکو سەختیی شوێنەکە و مین و تەقەمەنی هۆکارن کە دەستی تیمەکانمان نەگاتە هەموو شوێنێک و تاوەکو ئێستاش تیمەکانی ئێمە و ژمارەیەک لە هاونیشتیمانیان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن".


rudaw
Top