سەرۆك وەزیرانی عێراق سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو وەزارەتی تەندروستی و رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان دەكات لە بەرانبەر چاودێریكردنی باری تەندروستیی نازم شاكر راهێنەری تۆپی پێی عێراق لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر.


ئەمڕۆ دووشەممە عەدنان درجال وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە كازمی سوپاسی خۆی پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، لە بەرانبەر هاوكاریكردنی چارەسەركردنی نازم شاكر ڕاهێنەری ناسراوی تۆپی پێی عێراق.


جێی باسە ئەمڕۆ شاندێكی پزیشكی عێراقی لەژێر چاودێریی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق، لەسەر داوای مستەفا كازمی گەیشتنە هەولێر، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێریی باری تەندروستی نازم شاكر بكەن، كە چەند رۆژێكە تووشی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و لە دوێنێ یەكشەممەوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان چارەسەر وەردەگرێت.


عەدنان درجال رایگەیاندووە كە دوێنێ شەو پەیوەندی بە نازم شاكرەوە كردووە و ئێستا تەندروستیی جێگیرە.













باسنيوز



Top