سەفین دزهیی: پەكەكە مایەی دەردەسەرییە و هۆكارە بۆ لەشكركێشیی توركیا
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) مایەی دەردەسەرییە بۆ گەلی کوردستان لە باشوور و هۆكارە بۆ لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ بەشی كوردی (دەنگی ئەمریكا)، ڕایگەیاندوە، لە دوای راپەڕینی 1991ـی گەلی کوردستان لە باشوور، خەڵکی ناوچە سنوورییەکان ویستیان بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان، بەڵام پەکەکە رێگربوو لە گەڕانەوەی ئەو خەڵکە.
سەفین دزەیی هەروەها رایگەیاندووە، بوونی بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی لەشکرکێشیی سوپای تورکیا و بۆردومانکردنی گوندەکان و پەکەکە مایەی دەردەسەرییە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پەکەکە بە دروستکردنی گرووپی چەکداری لە شنگال، بووە هۆی بۆردومانکردنی ئەو شارەش، کە زۆر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە.
سەفین دزهیی جەختی لەوە کردەوە، کە پەکەکە ناتوانێ ببێتە شوێنگرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، پەکەکە باس لەوە دەکات، کە ناوچە سنوورییەکانی ئازاد کردووە و بە دەڤەری ئازادکراوی میدیا ناوزەدی کردووە، بەڵام ”ئازادکردن لەکێ؟ لەکاتێکدا خەڵکی ناوچەکە بەهۆی پەکەکەوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ وحاڵ و گوندی خۆیان.
دزەیی بە ئاماژەکردن بەوەی شەڕ رێگا چارە نییە، رایگەیاندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی پەکەکە و تورکیا بە رێگای ئاشتیانە دەکات و لە هەمان کاتدا، پێیوایە ناکرێ پەکەکە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ شەڕ دژی دراوێیەکی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت، چونکە مافی دراوسێیەتی و بنەماکانی دیپلۆماسیەت رێگە بەوە نادەن.
باسنيوز
