رووپێوییەک: لە سلێمانی کوڕان و کچان درەنگ هاوسەرگیری دەکەن و منداڵی کەمیشیان دەبێت

رووپێوییەک: لە سلێمانی کوڕان و کچان درەنگ هاوسەرگیری دەکەن و منداڵی کەمیشیان دەبێت
بەپێی رووپێوییەک، لە هەرێمی کوردستان تەمەنی مامناوەند بۆ هاوسەرگیری لەنێو کچاندا 20.7 ساڵە، بەڵام لەنێو کوڕاندا 24.5 ساڵە. لەنێو پارێزگاکانیشدا، کوڕان و کچان لە پارێزگای سلێمانی درەنگتر لە هەر پارێزگایەکی دیکە هاوسەرگیری دەکەن، تەمەنی مامناوەند بۆ کوڕان و كچان لەو پارێزگایە بەدوای یەکدا 24.8 و 20.9 ساڵە.

رووپێوییەکە لەلایەن نووسینگەی فەرمانگەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی دانیشتووانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە مانگی ئابی 2017 بۆ مانگی ئایاری 2018 ئەنجامدراوە، تێیدا پرسیار لە 13 هەزار و 200 خێزان کراوە لە هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی. هاوکات پرسیاریشی لە 400 خێزانی نێو هەشت کامپی هەرێمی کوردستان کراوە. بەپێی راپۆرتی رووپێوییەکە، ئەو رووپێوییە گەورەترین رووپێوییە کە لە ساڵی 1987ـەوە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان کرابێت.

سەبارەت بە تەمەنی هاوسەرگیری، لە رووپێوییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە تەمەنی 18-24 ساڵ، 31٪ کچان هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام هاوتا کوڕەکانیان لە هەمان تەمەن، تەنیا 11٪یان هاوسەرگیرییان کردووە. هەروەها 6٪ کچان لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 17 ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە، بەجۆرێک 32٪یان لەو تەمەنەدا منداڵیان بووە.

رێژەی رەگەز لەنێوان نێر و مێ یەکسانە، واتە بۆ هەر 100 کچێک 100 کوڕە، بەجۆرێک لە تەمەنەکانی نێوان 0 بۆ 29 ساڵ کوڕان زیاترن وەکو لە کچان و کەمێک لە سەرووی 100ـەوەیە، بەڵام دواتر رێژەی نێر کەمتر دەبێتەوە، بەشێکی لەبەرئەوەی رێژەی مردن لەنێو رەگەزی نێر زیاترە.

سەبارەت بە پێکهاتەی خێزان، بۆ هەر 10 خێزان، نزیکەی نۆ خێزانیان لەلایەن پیاوێکەوە بەڕێوەدەبرێت، واتە 10% خێزانەکان لەلایەن ژنێکەوە بەڕێوەدەبرێت، بەتایبەت ئەو خێزانانەی کە بەخێوکەری پیاو گیانی لەدەستداوە. ئەو خێزانانەی کە بێوەژنێک بەڕێوەیاندەبات، بەپێی رووپێوییەکە، ئاستی خوێندنیان نزمە و خێزانەکانیشیان بچووکتر و هەژارترن وەک لەو خێزانانەی کە پیاوێک بەڕێوەیاندەبات.

لەبارەی منداڵبوونەوە، تەنیا 5٪ ژنان کە هاوسەرگیرییان کردووە، منداڵیان نەبووە؛ هەروەها تەنیا 5٪ لە تەمەنی 49 ساڵیدا بە سەڵتی ماونەتەوە. رێژەی مامناوەندی منداڵبوون بۆ هەر خێزانێکیش لە هەرێمی کوردستان 4.4 منداڵە.

پارێزگای سلێمانی کە خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتووانە لە هەرێمی کوردستان، کەمترین رێژەی لەدایکبوونی منداڵی هەیە کە 4.1 منداڵە، بەڵام ژنان لە دهۆک زۆرترین منداڵیان هەیە کە 4.9 منداڵە. ئەو ژنانەی کە تەمەنیان سەروو 55 ساڵە لەنێوان 7.3 بۆ 9 منداڵیان بووە.

رووپێوییەکە دەریدەخات کە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان ئاستی خوێندن و منداڵبووندا هەیە، ئەو ژنانەی هیچ بڕوانامەیەکی خوێندنیان نییە 3.3 منداڵیان بووە، ئەو ژنانەی خاوەنی بڕوانامەی سەرەتایی یان بنەڕەتین 3.2 منداڵیان بووە. ئەو ژنانەش کە خاوەنی بڕوانامەی دواناوەندی و سەرووترن 2.5 منداڵیان بووە.




rudaw
Top