گەنجێکی خورماڵ دەیەوێت شارۆچکەکەی بکاتە دارستان
هۆشمەن فارس دانیشتووی خورماڵە و تەمەنی 35 ساڵە، لە ساڵی 2014 ـەوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی دەستی بە چاندنی نەمام لە خورماڵ کردووە و تاوەکو ئێستا 3 پرۆژەیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کردووە.
هۆشمەن فارس بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە ناو شارۆچکەی خورماڵ و دەرەوەی خورماڵ تاوەکو گوندی یاڵانپێ، زیاتر لە 700 داری سنەوبەر و توویان چاندووە و لەهەر پرۆژەیەک تەنیا یەک جۆر دار دەچێنن.
هۆشمەن فارس کە مامۆستایە و هاوکات لە زانکۆش دەخوێنێت، دەڵێت، تێچووی کڕینی دارەکان و چاندنیان و دواتر چاودێریکردن و ئاودانیان لەئەستۆی خۆیانە. ئەو دەڵێت، هەندێجار لەگەڵ هاوڕێکانی دەچێ بۆ ئاودانی دارەکان و هەندێجاریش خێزانەکەی و خوشکەکانی دەبات بۆ ئاودانیان.
جگە لە چاندنی دار، هۆشمەن فارس کاری رژاندنی پارکی گشتیی خورماڵیش دەکات بۆ ئەوەی رێگریی بکات لە وشکبوونی دارەکانی.ئەو هەروەها دەڵێت، بۆ ئەمساڵ دوو پرۆژەی دیکەی چاندنی نەمامیان هەیە و دەستیانپێکردووە.
