لقی هەولێری ئاتەشگەی زەردەشتیانی هەرێمی کوردستان کرایەوە
ئاتەشگەکە لەلایەن ئەنجوومەنی زەردەشتیانی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئاسرەوان ئاهورا کاروباری سرووتە ئایینەکانی زەردەشتی تێدا بەڕێوە دەبات.
ئاوات حیسامەدین سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی ئەسنا لە مەراسیمەکەدا گوتی: "بەهۆی ئەو ئازادییەی بە پێڕاوی ئایینی دراوە لە هەرێمی کوردستان، ئێمەی زەردەشتی دەتوانین هەم سرووتە ئایینییەکانمان بەڕێوە ببەین و هەمیش پەرستگە و ئاتەشگەی خۆشمان بکەینەوە، بۆیە ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەختی کوردستان لقی ئاتەشگەکەمان دەکەینەوە".
گوتیشی: "لە هەولێری پایتەخت پێڕوانێکی زۆری زەردەشتی بوونیان هەیە و پێویستیان بەم ئاتەشگەیە هەبوو بۆ مارەبڕین و مناڵناونان و جێبەجێکردنی سرووت و ئەرکە دینییەکان، بۆیە ئێستا ئەو پەرستگەیە دەکەینەوە."
چەند بڕگەیەک لە ڕێوڕەسمەکە بە گوتار و سرووت و گوتەکانی زەردەشت و بە دابونەریتی تایبەت بەو ئایینە بەڕێوە چوو.
ئاسرەوان ئاهورا سەرپەرشتیی لقی هەولێری ئاتشگەی زەردەشتیانی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەهۆی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە ئایین و ئایینزاکان نوێنەرایەیتیی خۆیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و پێکەوەژیانی ئایینی و مەزهەبی لە هەرێمی کوردستان، بووەتە هێما و نموونەیەکی باوەڕمەندی و ڕێزگرتنی ئاشتیانە لە ناوچەکە.
باسنيوز
