لە تورکیا سێ کەس لەسەر هێرشکردنە سەر کرێکارە کوردەکانی ساکاریا دەستگیرکران
حەمدین دەمیر کە یەکێکە لە کەسوکارەکانی ئەو کرێکارانەی لە ساکاریا لەلایەن ژمارەیەک "نەژادپەرستی" تورکەوە هێرشیان کرایە سەر رایگەیاند، چەتین ئۆکتای کاڵدرم پارێزگاری ساکاریا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی پێوە کردووە و ئاماژەی بەوە داوە بە هۆی رووداوەکەوە سێ کەسیان دەستبەسەر کردووە.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممە 7ـی ئەیلولی 2020 شاندێک لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی نێو ئیتیفاقی کوردستانی سەردانی ئەو کرێکارانە دەکەن.
شاندەکە کاژێر 11:00ی بەیانی لە ئامەد بەرەو گوندی کەلەکێ لە شارۆچکەی شەمرەخی مێردین بەڕێدەکەوێت.
ئەندامانی شاندەکە پێکهاتوون لە نوێنەرانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (DTK)، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (DBP)، ئەبرو گونای گوتەبێژی هەدەپە، مەرال دانش بێشتاش بریکاری فراکسیۆنی هەدەپە، سینان چیفتیورەک سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (KKP)، پارتی ئازادی، پارتی ئینسان و ئازادی، پلاتفۆرمی دیموکراتی کورد-باکوور، پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی دیموکراتی کورد.
ئەو کرێکارانە دوای هێرشەکە دوێنێ شەممە گەڕانەوە گوندەکەی خۆیان لە پارێزگای مێردین و هەمان رۆژ لەلایەن پۆلیسەوە بانگکران و گوتەیان لێوەرگیرا.
بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا پۆلیس رێگەی نەداوە هیچ رۆژنامەڤانێک بچێتە نێو گوندەکە. رۆژنامەڤانان دەڵێن پۆلیسەکان مەرجەکانی خۆپارێزییان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کردە بیانوو بۆ ئەوەی رێگەیان پێنەدرێت بڕۆنە نێو گوندەکەوە.
رووداو
