ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی پارتی کۆچی دواییکرد
عەلی سنجاری، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 2020/09/05 عەلی سنجاری، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
ئەو پێشمەرگە دێرینە چەند ساڵە بە دەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت و بەو هۆیەشەوە خۆی خانەنشین کردبوو.
عەلی سنجاری لەدایکبووی ساڵی 1933 بووە و ساڵی 1964 بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان. ماوەیەکیش جێگری پارێزگاری نەینەوا بووە.
عەلی سنجاری، لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە بووەتە پێشمەرگە و دواتر بووەتە بەرپرسی لقی یەک، دواتر ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە هەشتاکاندا لە پارتی جیابووەتەوە و بووەتە سکرتێری "یەکێتیی دیموکراتخوازانی کوردستان"، بەڵام لەدوای راپەڕینی 1991 جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە نێو پارتی دیموکراتی کوردستان و وەکو نوێنەر و راوێژکاری سەرۆک بارزانی لە بادینان دەستبەکاربووە.
دوایین پۆستی عەلی سنجاری راوێژکاری سەرۆک بارزانی بووە بۆ کاروباری عەرەبی.
جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی کۆچی دوایی عەلی سنجارییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی، "ئێمە لەسەر دەستی ئێوە هاتینە نێو ریزی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و لەسەر دەستی ئێوەش چەندین وانەی گرنگی پارتایەتی و سیاسیی فێربووین".
rudaw
