فۆتۆگرافەرێکی کورد لە ئەنجامی تەقینەوەیەک گیانی لەدەست دا

فۆتۆگرافەرێکی کورد لە ئەنجامی تەقینەوەیەک گیانی لەدەست دا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبی چێندراو بە کاروانی هێزێکی سەر بە سوپای عێراق فۆتۆگرافەری کورد”حەکیم مەزن” گیانی لەدەست دا.

هندرێن لوقمان مەزن، برازای کۆچکردوو راگەیاند: “حەکیم مەزن یەکێک بوو لەو فۆتۆگرافەرانەی کورد کە شارەزاییەکی ئەوتۆی لە فۆتۆگرافیی سەربازی هەبوو و لە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور(ناوچەی یەک) فۆتۆگرافەر بوو و لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشیش لە سەنگەرەکان بووە بەمەبەستی تۆمارکردنی دۆکیۆمێنت”.

روونیشیکردەوە کە حەکیم مەزن بەمەبەستی تۆمارکردنی دۆکیۆمێنت و کاری فۆتۆگرافی لەسەر داوای لیوای ٩١ سوپای عێراق (یەکێکە لەو لیوایانەی کە ژمارەیەک زۆر لە ئەفسەر و سەربازەکانی کوردن) چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هێزەکانی ئەو لیوایەیە و لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی تیرۆریستانی داعش لە بیابانەکانی نێوان پارێزگای سەلاحەدین و ئەنبار-ی عێراق بەشدار بووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە (٣-٩-٢٠٢٠) بۆمبی چێندراو بە کاروانێکی سەربازیی لیواکەدا تەقیوەتەوە.

گوتیشی: “ مامم یەکێک بوو لەو کەسانەی لەگەڵ ئەو کاروانە سەربازییەدا بووە و لە ئەنجامی تەقینەوەکە قاچێکی پەڕیوە و پاشان بردراوە بۆ نەخۆشخانەی تکریت و دواتر بۆ بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا”.

ئاشکراشی کرد کە وا بڕیارە تەرمی ئەو فۆتۆگرافەرە کوردە بە مەراسیمێکی سەربازی بگەڕێندرێتەوە شاری هەولێر.








باسنيوز
Top