بەهۆی مەترسیی داعشەوە بەشێک لە گوندنشینانی گەرمیان بە شەو دەچنەوە شار
دانیشتوویەکی گوندی شێرکە لە ناحیەی کۆکسی سەر بە قەزای کفری بە رۆژ دەچێتە گوندەکەیان و پێش خۆرئاوابوون لە ترسی شەڕی نێوان سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەرامبەر بە چەکدارانی داعش دەگەڕێتەوە کەلار. ئاگری شەڕ ژیانی گوندنشینانی سنووری خانەقینی تاڵ کردووە.
دانیشتوویەکی گوندی شێرک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کە لەنێوان ئەو هێزانەدا دەبێتە شەڕ، ئێمە وەک خەڵکی گوندەکە لە گشت لایەکەوە تەوق دەدرێین. لە 70-80 ماڵ ئێستا نزیکەی پێنج-شەش ماڵێک ماوە. هەڕەشەی زۆریش لەسەر ئەو چەند ماڵەیە. هەر ماڵێک ئەمڕۆ چۆڵ بکرێت، بەیانی دەیکەنە بنکەی سەربازی بۆ خۆیان".
بە گوتەی گوندنشینان شەڕ لە سنووری خانەقین و گوڵاڵە بە سیاسەت کراوە. لە سنووری هەر گوندێکی کوردی ئەگەر شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان چەکدارانی داعش و هێزە عێراقییەکاندا دروست ببێت، هەردوولا دەست لە دانیشتووانی گوندەکان ناپارێزن، ئەوەش وای کردووە گوندەکانی ئەو سنوورانە چۆڵ ببن.
موقەدەم شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی کۆکس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چالاکییەکانی داعش لە سنووری بەرەو خانەقیندایە. بیانوو دەدات بە دەست هێزی عێراقەو بۆ ئەوەی بڵێن لەو سنوورەدا چالاکییان هەیە، ئەوەیش بۆ ئەووەی ببێتە هۆی چۆڵکردنی دێهاتە کوردییەکان".
ئەو هێزانەی پێشمەرگە کە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە ناچاری لەو سنوورە جێگیر کراون، داوای دروستکردنی هاوئاهەنگیی بەپەلە لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا دەکەن، چونکە لەوە تێگەشتوون بەبێ بوونی پێشمەرگە کورد لە سنووری پارێزگای دیالە پارێزراو نابن.
عەقید حیکمەت یاوەرانی، جێگری لیوای 5ـی هێزەکانی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، ''دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە هاوپەیمانان بکەن کە بە جیددی لەم بابەتەدا پەلە بکەن، چونکە خەریکە هەموو گوندە کوردنشینەکان بەتەواوەتی چۆڵی دەکەن".
لە کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵدا وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە بە ئامادەبوونی هاوپەیمانان کۆبوونەوە و باسی ئەوە کرا لە سنووری موسڵەوە تاوەکو دیالە بە درێژایی 110 کلیۆمەتر بەسەر چوار میحوەردا دابەشبکرێت. پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ شاییە ئەمنییەکان پڕبکەنەوە و بۆ رێگری کردن لە جووڵەی چەکدارانی داعش هەماهەنگی و هەواڵگری لەنێوانیاندا هەبێت. کۆتایی ئەم مانگەش بە ئومێدی رێککەوتن دوایین کۆبونەوە دەکەن.
لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەهۆی بۆشایی ئەمنی و نەمانی پێشمەرگە لە سنووری دیالە، کەرکووک، خورماتوو و داقوق، زیاتر لە 140 گوندی کوردنشین چۆڵکراون.
rudaw
