خەزعەلی پەیمان بە سولەیمانی و موهەندیس دەدات کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکات

خەزعەلی پەیمان بە سولەیمانی و موهەندیس دەدات کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکات
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق پەیمانی بە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دا کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکات.

رۆژی شەممە 2020/08/08 قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لەکاتی گوتەیەکیدا بەهۆی جەژنی غەدیرەوە داوای کرد یاساکانی خزمەت و خانەنشینی بۆ حەشدی شەعبی جێبەجێ بکرێن. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە چەک لە دەستی کەسانی ئاساییدا نەبێت و مەشجەبەکان لە شارەکاندا نەهێڵرێن و گوتی، "دەکرێت مەشجەبەکان بەئانقەست و بە بێئاگایی بۆ خەڵک ببنە هۆی زیان".

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق پرسیی، "ئاخۆ چەکی ئەمریکا کە لەژێر چاودێریی حکومەتدا کاردەکات و کەسەکانمان لە حەشدی شەعبی دەکوژێت، یاساییە؟"

خەزعەلی لە درێژەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، کارێکی باش نییە کە عێراق لەژێر دەسەڵاتی بەڕیوەبەرایەتییەکی دەرەکیدا بێت و مایەی قبووڵ نییە کە ناسۆری خەڵک بەهۆی کارەباوە چەندبارە ببێتەوە.

خەز عەلی ئەوەی خستەڕوو کە چارەسەری گرفتی کارەبا پێویستی بە کۆمپانیای جیهانی هەیە، لەوانە کۆمپانیای سیمێنزی ئەڵمانی.

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق باسیشی لەوە کرد کە عێراق پێویستی بە بڕیارێکی نیشتمانی هەیە کە بڕیاردەرەکە لەژێر گوشاری ئەمریکادا نەبێت.

خەزعەلی هۆشداریی لەوە دا کە هەموو زانیارییەکانی عێراق و هاووڵاتییانی لە دەستی هەواڵگریی ئەمریکادان و گوتی کە کۆمپانیاکانی مۆبایل لە بەغدا پەیوەندییان لەگەڵ هەواڵگری و باڵیۆزخانەی ئەمریکادا هەیە و یەکێک لە کۆمپانیاکانی مۆبایل ئاسانکاریی بۆ ئەمریکا کردووە تاوەکو سولەیمانی و موهەندیس بکوژرێن.




rudaw
Top