ژنێكی كورد سەرنجی میدیاكانی ئێرانی ڕاكێشاوە
وا دیارە ستەمی ناوچە و جوگرافیا زۆر تەنگی پێ هەڵچنیوە. لە حاڵەتێکی زۆر نایاب و کات و شوێنێکی گونجاو و لە ماڵە دەوڵەمەند و سیاسەتمەداران لەدایک نەبووە و دەرفەتی خوێندنی نەبووە، تاکوو دواتر ببێت بە سەرۆکی وڵاتێک، یان لە شوێنێک دامەزرێت و لە ڕێگەیەوە ناوبانگ دەربکات.
یاخود لە حاڵەتێکی ئاساییتردا، ئەو وەکوو باقی کچان و ژنانی تازە پێگەیشتووی شارەکەی خۆی، دیسان نەیتوانیوە بکەوێتە بەر خوێندن و ژیانێکی ئاسایی هەبێت، بەڵام ئەوە ئێستا عوزرا خانمە بووەتە باسی گەرم و گرنگترین هەواڵی ماڵپەڕ و سۆشیاڵ میدیاکان و هەموو بە خوێندنەوەی هەواڵەکەی بزەیەک دێتە سەر لێویان و هەزاران دروودی بۆ دەنێرن.
لەم رۆژانەدا، کە کۆڕۆنا تەنگی بە هەموومان هەڵچنیوە و گیان و ماڵمان لە مەترسیدایە و هەموو پەرۆشی پاکوخاوێنیی تاکین و خۆمان لە کونجی ماڵ حەشار داوە، عوزرا خانم کارێکی بێوێنە و تەندروستی خەڵکی خستووەتە پێش تەندروستیی خۆی، لەسەر ئەرکی خۆی ئامێرێکی تاڕادەیەک قورسی دەرمانپاشیی کڕیوە. هەموو رۆژێک دەیبەستێتە کۆڵی و بە پێکەنین و دڵێکی ئاسوودە لە ژیان، کۆڵان بە کۆڵانی شاری نەوسوود دەرمانڕێژ دەکات.
ئەو دەزانێ بۆ ئەم کارەی هیچ چاوەڕوانییەک و داواکارییەکی نییە و دەزانێت پاراستنی شارەکەی وەکوو پاراستنی ماڵەکەی وایه.
لەڕاستیدا عوزرا خانم بەم هەڵمەتەی، وانەیەکی گەورەمان فێر دەکات، لەو فێر دەبین بۆ ناسراوی و ناوبانگ پێویستمان بە خوێندنی باڵا و دەرفەتی جیاواز و کەرەستە نییە، بەڵکوو ئەوە ناخ و دەروونی پاک و خەمی کۆمەڵگەیە دەتوانێت بتکات بە ناودار.
دەکرێ ناوی لێ بنینە عوزرای بێوێنە و بەوەش گەشبین بین کە عوزرای بێ وێنە تەنیا نییە و عوزراگەلێکی دیکەش هەن، کە بە فەردە ئارد و ساجێکی کۆن نان دەکەن و پاشان بەنێو ماڵە هەژارەکانی شاردا دابەشی دەکەن، یان ئەو عوزرا خانمانەی، کە بە مەکینەیەکی کۆن و قوماش، دەمامک دەدروێت و بێ بەرامبەر دەیداتە خەڵک.
کۆرۆنا هەر کێشە و تەنگەژەیەکی بەدواوە بێت، لە پاڵیدا بەرچاوڕوونییەکمان پێ دەدات و بۆمان دەردەکەوێت، هەرچەندە دەوڵەتەکان و سیاسەتەکانیان کارامە بن، یان ناکارامە، ئەوا ئەو کۆمەڵگە مەدەنییانەی، کە هۆشیارییان هەیە و لە نموونەی عوزرا و عوزراکانیتر دەتوانن بەربەستەکان بکەن بە پردێک بۆ پەڕینەوە.
باسنيوز
