ڕێگەی کۆیە بۆ دووکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دادەخرێت
زاھیر محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کۆیە ڕایگەیاند:"بەھۆی چاککردنەوەی ئەو چاڵ و چۆڵییانەی لەسەر رێگای دەشتی کۆیە - کەلکەسماق دروست بووە، لە ئەمڕۆوە سێشةممە 4 / 8 / 2020ەوە بەھۆی کارکردن تێیدا بۆ ماوەی چەند رۆژێک رێگای کەلکەسماق - دووکان کە هەردوو قەزای کۆیە و دووکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڕووی ھاتوچۆی شوفێراندا دادەخرێت".
گوتیشی: "لەو ماوەیەدا شوفێران دەتوانن رێگای دەشتی کۆیە - گۆپتەپە - ئاغجەلەر بەکار بێنن".
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک لەو ڕێگەوبانانەی کە تێک چوون، نۆژەن کراونەتەوە، یەک لەو ڕێگایانە ڕێگەی کۆیە بۆ دووکان بووە کە مەودای نێوان کۆیە هەتا کلکەسماق چاک کراوەتەوە و ئێستاس بەشێک لە لۆفەکانی کلکەسماق چاک کردنەوەیان ماوە و کاری تێدا دەکرێت.
باسنیوز
