سەفین دزەیی: هەوڵدەدەین شەڕ لەنێوان ئێمە و پەکەکە روونەدات
ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بە ناوی (چڕنووکی هەڵۆ) بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دەستپێکرد و دوو رۆژ دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەناوی (چڕنووکی پڵنگ) لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. لە ماوەی مانگی رابردوودا تورکیا چەندجارێک سنوورەکانی بناری قەندیلی بۆردوومانکردووە و بەپێی زانیاریی بەرپرسانی ناوچەکە قووڵایی زیاتر لە 15 کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە. سنووری ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا تونیا پارێزگای دهۆک نییە، بەڵکو سنوورەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێریشی گرتووەتەوە. دوایین جار گوندی سڵێ و ئێندزەی بۆردوومانکرد، کە دەکەونە شارۆچکەی سەنگەسەر لە سنووری قەزای پشدەری پارێزگای سلێمانی.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەو پانێڵەوە داوای لە تورکیا کرد هێرشەکانی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان رابگرێت. سەفین دزەیی گوتی: "پەیوەندییەکانی پەیەدەو تورکیا باشبوو تا ئەو کاتەی پەکەکە هاتە ئەو نێوانە، ئەوەی ئێستا ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە شەڕ لەنێوان ئێمەو پەکەکە درووست نەبێت، هاوکات دەبێت تورکیا بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوەو چیدی هێرش ئەنجامنەدات، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە بینیمان خەڵکی سڤیل لە چەند هەفتەی رابردوو گیانیان لەدەستدا".
سەرەڕای کوژرانی خەڵکی سڤیل، ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا مەترسیی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی 150 گوندی سنووری هەرسێ قەزای زاخۆ، ئامێدی و ئاکرێ دروستکردووە.
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی هێزە سەربازییەکانی سنووری زاخۆ، لە ساڵی 1983وە تاوەکو 14ی مانگی رابردوو، تورکیا لە 24 شوێنی ستراتیژیی سنووری کانی ماسێ، دێرەلووک و شێلادزێ جێگیربووە، لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا بە درێژایی 45 بۆ 50 کیلۆمەتر و قووڵایی 15 بۆ 30 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو سنووری ناحیەی باتیفا، تاوەکو ئێستاش لە 12 شوێنی جیاواز جێگیربووە، لە 37 ساڵی رابردوودا و تاوەکو ئێستا 60 گوند کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی تورکیا.
لەماوەی دوو ساڵی رابردوو تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی لە رۆژئاواو باشووری کوردستان ئەنجامداوە، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان زیانی گیانی زۆری بەدواوە هاتووە.
شرۆڤەکاران پێیانوایە، دەبوو هەڵوێستی هەرێمی کوردستان تووندتربووایە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا وەستابایەوە کە ئامانجەکەی تەنیا بە لەناوبردنی پەکەکە بەدی نایەت.
دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی دەزگای مێری، لە پانێڵەکەدا گوتی" دیالۆگ بەتەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین پێویستە تورکیا و کورد، دەوڵەتی تورکیاو پەکەکە ئەنجامی بدەن، خۆ دیالۆگ گرنگ و بنچینەییە، دەتوانین سوود لە ئەوروپاو ئەمریکا وەربگرین، بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نییە، دەبێت وریاتربین، رۆڵمان زیاتربێت و هەڵوێستی تووندترمان هەبێت. بۆ ئەوەی ئەو هێرش و هەوڵە وێرانکاریانە بووەستێنین.تورکیا پلانێکی سەد ساڵەی هەیە، لەنێویدا دەیەوێت پەکەکە ناچالاک بکات کە ئەمە لەرێگەی سەربازییەوە بەدی نایەت، چەندین ساڵە بەردەوامە، ئامانجێکی دیکەیان دەستبەسەرداگرتنی خاکی کوردستانە بۆ ئەوەی کورد سەربەخۆیی بەدەست نەهێنیت".
بەشێک لە چاودێرانی ئەمریکی رەخنە لە ئەمریکا دەگرن کە رێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، بەڵام نەیتوانیوە تورکیا پابەندی رێککەوتنەکانی بکات. ئێستاش ئەمریکا بە بەرپرس دەزانن لە بەرامبەر سەلامەتی خەڵکی سڤیل.
ئامی ئۆستن هڵمز، لە سەنتەری ودراو ویڵسن یەکێک بوو لە بەشدارانی پانێڵەکە، ئەو دەڵێت: "تورکیا لەماوەی کەمتر لە 24 کاژێر لە رێککەوتنی ئاگربەست پێشێلی ئاگربەستەکەی کرد، دوای ئەم رێککەوتنەش لە هێرشەکانیان بۆ سەر سەرێ کانی و گرێ سپیێ بەردەوامبوون، ئێستاش ناوچە کریستیاننشینەکان کە هاوسنوورن لەگەڵ خابوور، تەنیا 5 کیلۆمەتر لە بەرەی شەڕەوە دوورن کە تورکیاو گرووپە ئیسلامییەکانی لێن. ئەردۆغان هەڕەشەی بەردەوامیش دەکات کە خاکی زیاتر دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. باشە کێ بەرپرس دەبێت لە پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل؟ دەبێت هەموومان ئەو پرسیارە بکەین کە چی روودەدات ئەگەر تورکیا لە کارە داگیرکارییەکانی بەردەوامبێت."
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات چیدی بێدەنگ نەبێت لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی تورکیا، کە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان ئەنجامیدەدات. تورکیاش دڵنیا دەکاتەوە کە تەنیا چارەسەر بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی لە ناوچەکە، چارەسەری سیاسییە.
سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا گوتی" کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا کردار بنوێنێت، قسەو راگەیاندنمان ناوێت، تەنیا ئەمریکا ناڵێم، رووی خۆم دەکەمە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان کە لە راستیدا لە شەڕی دژی داعشیش لەگەڵ ئێمەدابوون، بۆ ئەوەی بگەین بەوەی چۆن سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە بەرپا بکەین، دەبێت لەرێگەی سیاسی بێت نەک شەڕ، ئەوەی تورکیا دەیکات کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو لەراستیدا کێشەی زیاتر درووستدەکات."
تورکیا دەڵێت تاوەکو پەکەکەو باڵەکانی پەیەدە لەسەر سنوورەکانیان بمێنن هەست بە سەلامەتی ناکەن. بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە 2018ەوە دوو ئۆپەراسیۆنیان لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و دواینیشیان لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان لەدژی پەکەکە ئەنجامدا، لە بەردەوامی ئەو ئۆپەراسیۆنانە سەتان کەسی سڤیل کوژراون و زەویوزاری خەڵکیش چۆڵکراون.
هاکان کاراچای، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە بەبۆنەی ساڵیادی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016ی تورکیا 15ی ئەم مانگە سازیکرد، تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان، کە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێ و بەنیازن تاوەکو کوێ بچنەپێش؟، کاراچای گوتی: "هەڕەشەی تیرۆرمان لەسەرە، کێشەی ئێمە لەگەڵ برایانی کورد نییە، کێشەی ئێمە پەکەکەیە، بۆیە تاوەکو ئەو هەڕەشەیەمان لەسەر بێت، ئۆپەراسیۆنەکەشمان بەردەوام دەبێت، کە پێموایە تاوەکو کۆتاییهێنان بە پەکەکە بەردەوام دەبین".
لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا و تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و ئێرانەوە سەتان هێکتار زەوی و رەزی گوندنشینان سووتاون و زیاتر لە 15 هاونیشتمانیی سڤیل گیانیان لەدەستداوەو چەندین گوندیش چۆڵکراون. کاراچای دەڵێ "ئەوەی لە ناوچە سیڤیلنشینەکان روودەدات تاکتیکی پەکەکەیە، ئەوان سڤیل بەکاردەهێنن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تورکیا، هەندێک ناوچە خەڵکی سڤیلی تێدا بووبێ ئێمە لە ئۆپەراسیۆن پەشیمان بووینەتەوە، بەڵام پەکەکە لە سووریاشەوە ناوچە سڤیلنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا بۆردوومان دەکات". ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە کە پارتی کرێکارانی کوردستانیش تورکیا بەهەمانشێوە بە لێدانی خەڵکی سڤیل تۆمەتبار دەکات.
رووداو
