راگەیێندراوێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێرەوە

راگەیێندراوێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێرەوە
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر داوا لە هاونیشتمانیان دەکات دەمامک ببەستن و دەشڵێت، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان لە هەفتەیەکدا 103 شوێن داخراون.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوای بەدواداچوون و پشکنین بۆ شوێنەکانیان و بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، لەلایەن لیژنەکانی چاودێری و تەندروستی لە سنووری هەر (10) قایمقامیەتەکەی پارێزگای هەولێر، (103) شوێن لەماوەی هەفتەیەکدا داخراون.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر داوا لە سەرجەم هاونیشتمانیان و کاسبکارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات، لەپێناو پارێزگاریکردن لە تەندروستیی گشتی، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و بەپێی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەمامک ببەستن.

لە چاوەڕوانیی دۆزینەوەی ڤاکسینێک لەدژی کۆرۆنا، وڵاتان پەنادەبەنە بەر بەستنی ماسک، چونکە تاوەکو ئێستا باشترین چارەسەرە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.

دوو لەو جۆرە ماسکانەی زۆر بەکاردەهێنرێن، یەکێکیان N95 کە FFP2ی پێدەگوترێت، دوو بەرگی هەیە و هەوا فیلتەر دەکات. ئەم جۆرە ماسکە دەتوانێت بە قەبارەی 0.3 مایکرۆن بەکتریا و ڤایرۆس بگەڕێنێتەوە. ئەم جۆرە ماسکە توانای هەیە رێگەبگرێت لە گواستنەوەی دڵۆپە ئاو و پێکهاتەی بچووکی دەم بۆ کەسێکی دیکە، بەڵام بەو مەرجەی بە رێکی ببەسترێت.

جۆرەکەی دیکەیان ماسکی نەشتەرگەرییە. بەرپرسە تەندروستییەکان داوادەکەن هەموو کەسانی تووشبوو ئەم ماسکە ببەستن. ئەم ماسکە رێگری دەکات لە دەرچوونی دڵۆپە ئاو لەگەڵ پژمین و قسەکردن بۆ کەسێکی دیکە. پسپۆڕان داوادەکەن لەکاتی بەستنی ئەو جۆرە ماسکەی نەشتەرگەری دەستی لێنەدرێ، بۆ ئەوەی دەست بەر هیچ ڤایرۆسێک نەکەوێت ئەگەر لەسەر ماسکەکە نیشتبێت.












رووداو
Top