گەنجێک لە بێخاڵ کوژرا

گەنجێک لە بێخاڵ کوژرا
کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە تەرمی گەنجێک لە یەکێک لە خانووە گەشتیارییەکانی ھاوینەھەواری بێخاڵ دۆزرایەوە، ئاسەواری چەند گولـلەیەك بەسەر جەستەیەوە دیارە.

هاوسەر عەبدولقادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سۆران راگەیاند "تەرمی گەنجێک گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران و شوێنەواری چەند گولـلەیەك بەجەستەیەوە دیاربوو، بۆیە رادەستی پزیشکی دادی سۆرانمان کردووە".

لای خۆشیەوە شەماڵ دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران گوتی: "ئەو گەنجە لەدایکبووی ساڵی 1986 و خێزاندارەو دانیشتووی شارەدێی خەلیفانە".

گوتیشی: "بەتۆمەتی کوشتنی ئەو گەنجە سێ کەس دەستگیر كراون، كە دوو پیاو و ئافرەتێكن، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تاوانەکە کراوەتەوە".

ئەو گەنجە خێزاندارەو ناوی ئەسوەد غازی فەقێ محەمەدە، تا ئێستا هۆکاری کوشتنەکەی دیارنییە و پۆلیس سەرقاڵی وەرگرتنی وتەی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکانە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەدادگا بۆ کراوەتەوە.










K24
Top