رۆژنامه‌نووسێك: سۆران عومەر دەیەوێت لە دادگا هەڵبێت

رۆژنامه‌نووسێك: سۆران عومەر دەیەوێت لە دادگا هەڵبێت
رۆژنامه‌نووسێك رای دەگەیەنێت كە دەست لەكاركێشانەوەی سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە ئەندامێتیی پەرلەمانی كوردستان، ”هەڵاتنە لە دادگا“.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٠، سۆران عومەر، دەست لەكاركێشانەوەی لە ئەندامێتیی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند.

لەمبارەیەوە دڵشاد وه‌سانی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس رايگەیاند، ئەم دەست لەكاركێشانەوەیە كە دوای هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەی و دەركردنی بڕیاری دەستگیركردنی هات، ”له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ وەك لە نامەكەیدا ئاماژەی داوە گوایە په‌رله‌مان ئه‌دای خراپه‌، بەڵكوو هه‌ڵاتنه‌ له دادگا“.

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە لەبەر ئەوەی ماوەیەك سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافی مرۆڤی پەرلەمان بووە، دەبوایە سۆران عومەر ڕێز لە سەروەریی یاسا بگرێت و بچێتە بەردەم دادگا، چونكه‌ ”هه‌ر كه‌سێك بچێتە دادگا، یانی بێمنەتە، بەڵام ئه‌وه‌ی ئێستا سۆران عومەر ده‌یكات، حیساب نه‌كردنی بۆ سەروەریی یاسا، لە كاتێكدا خۆی پێشتر خەڵكی بەم بابەتە تۆمەتبار كردووە، ئەمەش پێچه‌وانه‌وه‌ی قسه‌كانی خۆیەتی“.

دڵشاد وەسانی دەڵێت، ئەگەر سۆران عومەر بێتاوانە و بەڵگەشی بۆ ئەو قسە و كردارانە هەیە كە لەبارەیەوە دادگا داوای كردووە، با بەڵگەكانی پێشكەش بكات، ”خۆ هەر دەبێت ڕۆژێك بێت لە دادگا ئەم بابەتانە یەكلا بكاتەوە، بۆ نموونە بابەتی بێسەروشوێنكردنی ڕۆژنامەنووس محەمەد سیاسی، تا كەی ناچێتە بەردەم دادگا و دوای دەخات؟ چارەسەر وازهێنان لە پەرلەمانتاری و خۆدزینەوە لە دادگا نییە".

بە بڕوای ئەو ڕۆژنامەنووسە، دەبێت كەیسەكەی سۆران عومەر لە دادگا یەكلا بكرێتەوە و لەوێوە بڕیار بدرێت كە كێ لەسەر هەقە و كێ ناهەقە، ”ناكرێت به‌ حوكمی جه‌نگه‌ڵستان خۆت بێ تاوان نیشان بده‌یت".

پێشتر بەختیار حەیدەر، پارێزەری ناسراوی هەرێمی كوردستان رايگەیاندبوو كە پاش دەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی دەستگیركردنی سۆران عومەر، دەبێت لە هەر كوێ بێت، پۆلیس دەستگیری بكات.

دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر لە ڕۆژی ١٢ی ٧ی ٢٠٢٠، فەرمانی دەستگیركردنی سۆران عومەری ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری كرد، بڕیارەكەش دوای ئەوە هات كە لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٠دا پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگرت.













باسنيوز



Top