دوو گوللـە تۆپ لە سەنتەری شارۆچکەی کانی ماسێ کەوتنەخوارەوە
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ راگەیاند، ئەمشەو سێشەممە دوو گوللـە تۆپ لە دووری 100 مەتر لە ناحیەی کانی ماسێ کەوتنەخوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان نەبووە، تەنیا ترسێکی زۆری لەنێو خەڵک دروستکردووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ گوتی، "گوللـە تۆپەکان لەلایەن تۆپخانەکانی تورکیاوە ئاراستەی ناوچەکە کراون".
شەوی 15ـی حوزەیران هێزی ئاسمانی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆی لە حەفتانین دەستپێکرد، لە 17ـی حوزەیران ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگی راگەیاند و دەستی بە هێرشی زەمینی لە ناوچەکانی حەفتانین و خواکوڕک کرد.
بەپێی لێدوانی گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە، سوپای تورکیا بەقووڵایی 20 تاوەکو 40 کیلۆمەتر و سوپای ئێران بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە و بارەگای سەربازییان دروستکردووە.
رووداو
