سنە.. کچە مامۆستایەک حوکمی 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

سنە.. کچە مامۆستایەک حوکمی 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا
زارا محەمەدی، کچە مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، زارا محەمەدی کچە مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین لە سنە، ٧ مانگ دوایی ئازادبوونی بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئیتلاعات، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە بەرپرسایەتی دادوەر سەعیدی و بە تۆمەتی سازکردنی گرووپ دژ بە ئاسایشی ئێران، بەسەر ئەو کچە مامۆستایەدا سەپێندراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەمڕۆ سێشەممە 2020.7.14 ئەو حوکمە بە پارێزەری زارا بە ناوی د. عەبدوڵڵاهی ڕاگەیەندراوە،١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی سازکردنی گرووپ لە حاڵێکدا بە سەر زارا سەپێندراوە کە ئەو تەنها بەپرسی ئەنجوومەنی نۆژینە و ئەو ئەنجومەنە لەو تاوانانە بێبەری کراوە.

زارا محەمەدی ڕۆژی پێنجشەممە 23 مانگی مەی 2019 دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سنە دەستگیر کراو و دواتر بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

زارا تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبووی گوندی "سەراوڵە"ی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژیۆپۆلەتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بەکۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجوومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.













باسنيوز



Top