لە باکووری کوردستان بەهۆی بارانی سەختەوە بەرهەمی قەیسیی مەڵەتێ کەمدەبێتەوە
ژمارەی ئەو کرێکارانەیشی لەسەر قەیسی کاریان دەکرد لە 40 هەزارەوە بۆ هەشت هەزار کەمبووەتەوە. زۆرینەی کرێکارانی قەیسی خەڵکی رووهان، لەوێوە دەچنە شاری مەڵەتێ.
شارەکانی کوردستان هەریەکەیان بە بەرهەمێک بەناوبانگن؛ ورمێ بە سێو، دیلۆک بە فستق، عەفرین بە زەیتوون، هەڵەبجە بە هەنار، مێردین بە ترێ و مەڵەتێی باکووری کوردستان بە قەیسی.
بە گوێرەی هۆدەی کشتوکاڵی ئارگا لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا ئەوە یەکەم جارە بەرهەمی قەیسی ئەوەندە کەمدەبێتەوە.
سولەیمان بۆیراز، سەرۆکی هۆدەی کشتوکاڵی ئارگا لە مەڵەتێ راگەیاند، "مەڵەتێ پایتەختی قەیسیی وشککراوە. پایتەختی قەیسی لە مەڵەتێیش ناوچەی ئارگایە. 85%ـی قەیسیی وشککراوی جیهان لە مەڵەتێوە هەناردە دەکرێت. 25%ـی بەرهەمی قەیسییش لە ناوچەی ئێمە بەرهەم دەهێنرێت. ئەمساڵ بەرهەم کەم بوو، بەڵام نرخەکەی خراپ نییە".
جەلال شاهینیش یەکێکە لەو باخدارانەی کە لە ئارگای مەڵەتێ باخی قەیسیی هەیە. ئەو 150 دۆنم زەویی کردووەتە قەیسی. بە گوتەی خۆی، ئەمساڵ زیانێکی گەورەی کردووە.
جەلال شاهین، بەخێوکەری قەیسییە و دەڵێت، "قەیسی تێچووی زۆرە. ئێمە کرێکارەکانمان لە دەرەوە دەهێنین. ئەو کاتەی بەرهەم زۆر بێت نرخەکەی کەمدەبێتەوە، بەڵام ئەو کاتەی بەرهەم کەمبێت نرخەکەی زیاد دەبێت. کەچی ئەمساڵ زیانمان کردووە. داوا دەکەین حکومەت پشتیوانیی بەخێوکەرانی قەیسی بکات".
ئەمساڵ قەیسیی تەڕی مەڵەتێ بە پێنج بۆ شەش لیرە خراوەتە بازاڕەوە. قەیسیی وشککراویش بە 25 بۆ 30 لیرەیە.
ئەو کاتەی بەری قەیسی لەسەرەوەی 100 هەزار تۆنەوە بێت، ساڵانە 40 هەزار کرێکار لە شارەکانی دیکەوە دەچنە مەڵەتێ و دەست بە کار دەکەن. بەڵام ئەمساڵ لەبەر بەرهەمی کەم هەشت هەزار کرێکار لەو باخانەدا کاردەکەن و زۆربەیان خەڵکی شاری رووهان.
قەیسیی مەڵەتێ هەم لە بازاڕی ناوخۆی تورکیا و هەم لە بازاڕی جیهاندا بایەخێکی گرنگی هەیە. قەیسی لە مەڵەتێوە بۆ ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەمریکا و زۆر وڵاتی دیکەی جیهان هەناردە دەکرێت.
رووداو
