هەشت گەڕەکی هەولێر زیاتر لە 40 رۆژە بێئاون

هەشت گەڕەکی هەولێر زیاتر لە 40 رۆژە بێئاون
هەشت گەڕەک لە هەولێر گرفتاری بێئاوین. لە 20ـی رەمەزانەوە بە ئاستەم ئاویان هەیە یاخود هەر بڕاوە، گەڕەکی قەتەوی، رۆشنبیری، عەدالە و ئاشتی لەوانەن سکاڵایەکی زۆری بێئاوی دەکەن. ئەو گەڕەکانە پشت بە بیر دەبەستن و هەندێک لە بیرەکان وشکبوون.

زریان رەفعەت، دانیشتووی گەڕەکی قەتەوی هەولێر زیاتر لە مانگێکە بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت، لە چاوەڕوانیی گەیشتنی قەترەیەک ئاو بۆ ماڵەکەی شەو تاوەکو بەیانی تەنیا دوو کاژێر خەوتووە و بێهیوا مایەوە. زریان رەفعەت، فەرمانبەرە و دەڵێت، "شەوی نا شەوێک سەرەمانە. من خۆم کارمەندم. نازانم پاسەوانیی ئاو بکەم یان بەیانییەکەی بچمە دەوام!"

ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا و وشکبوونەوەی هەندێک لە بیرەکان و فراوانبوونی شاری هەولێر، گرفتی کەمئاوی لە هەندێک لە گەڕەکەکاکان دروستدەبێت. گەڕەکی راستی یەکێکی دیکە لەو گەڕەکانەی دانیشتووانی ناچارن رۆژانە ئاو بە تانکەر بکڕن.

جەلال ئیسماعیل، شوفێری تاکسییە و باس لەوە دەکات، جار جار دراوسێکەیان کەمێک ئاویان پێدەدات، ئەگەر نەشبێت ناچارە بیکڕێت، دوێنێ دوو تانکی ئاوی بە 10 هەزار دینار کڕیوە، "ئەو ماڵە خودا خێریان بنووسێت، ئەگەر ئاویان بێتن، قیچەک ئاومان بدەنێ. رۆژانە ئیشی تاکسی دەکەم. رۆژی پێنج یان حەوت یان 10 هەزار ئیش دەکەم. نازانم چ بە بەنزین بدەم چ بۆ ماڵ بێنمەوە".

ئامینە حەسەن، کابانی ماڵەوەیە و کێشەی بێئاوی ئەوانیشی گرتووەتەوە، دەڵێت "ئاومان هەر نییە. من دوو بۆریم هەیە هەر ئاویان پێدا نایەت. بە خوا، بە حەفتە خۆمان ناشۆین! بە خوا، مردین! بڕۆ یەک بار جلم داناوە!"

پێداویستیی ئاوی ناوەندی هەولێر لە رێگەی پرۆژەکانی ئیفرازەوە دابین دەکرێت کە سەرچاوەکەی رووباری زێی گەورەیە. ئاوی گەڕەک و ناحیەکانی دەورووبەری هەولێریش لە رێگەی بیری ئیرتوازییەوە دابین دەکرێن کە زۆربەی هاوینان کێشەی کەمئاوییان بۆ دروست دەبێت.

بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری و شاری سۆران، پارێزگاری هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ ژماریەک لە خێرخواز 150 ملیۆن دینار بۆ لێدانی پێنج بیری نوێ و 18 بیری دیکە هەڵدەکەنێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر راگەیاند، "کار دەکەین بۆ لێدانەوەی ئەو بیرانەی کەوا وشکبوون یان لەسەر وشکبوونن، لێدانی بیر بۆ هەندێک لەو شوێنانەی فراوان بوون، دەستکاریکردنی تۆڕی ئاو، چەند بیرێک لەم ماوەدا لە رێگەی مووەلیدە ئەهلییەکان کارەبامان بۆ دابینکردوون. هەوڵدەدەین هەندێکی دیکە بخەینە سەر مووەلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەوەی زۆرترین کات کارەبا هەبێت و ئەو کێشانەمان بۆ چارەسەربکەن".

بەپێی ستانداردی جیهانی، هەرکەسێک لە رۆژێکدا پێویستی بە 200 تاوەکو 250 لیتر ئاوە هەیە، بەڵام لە هەولێر بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بۆ هەرکەسێک 370 تاوەکو 400 لیتر دابیندەکرێت، واتە هەر 10 کەس لەم شارەدا بەشی 16 کەس ئاو بەکاردەهێنن.






رووداو
Top