بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی کۆچبەران لە تورکیا 60 کەس خنکاون
سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕای دەگەیەنێت بەلەمێکی کۆچبەران بە 60 سەرنشینەوە لە تورکیا ژێرئاو کەوتووە و سەرجەمیان خنکاون.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "دوای سێ ڕۆژ لە دیارنەمانی کۆمەلێک کۆچبەر کە نزیکەی ٦٠ کۆچبەر بوون لەنێو دەریای واندا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزی دەریاوانی تورکیاوە تەرمی ٦ کۆچبەریان دۆزراونەتەوە".
گوتیشی "نوێنەرایەتیی دەزگای لەوتکە لە تورکیا راسپێردراوە کە کاری پێوست لەسەر ناسنامەی ئەو کۆچبەرانە بکات".
ڕوونیشی کردەوە: "هیچ کۆچبەریک لەو ڕووداوەدا ڕزگارى نەبووە و سەرجەميان خنکاون و تاکوو ئێستاش بەلەمەکە لە دەریاکەدا بە نەدۆزراوى ماوەتەوە و تیمە فریاگوزارییەکان و پۆلیسى دەریاوانیى تورکیا بەردەوام لە گەڕاندان بە شوێن تەرمى کۆچبەران و بەلەمە نقومبووەکە".
ئاری جەلال ئاماژەی بەوەش دا: "بەپێى ئەو زانیارییانەى کە لە دەزگاى کۆچ و کۆچبەرانى تورکیاوە دەست کەوتووە، سەرجەم ئەو کۆچبەرانەى کە لەو ڕووداوەدا بوون، هاووڵاتى ئەفغانى و پاکستانى و بەنگلادیشی و ئێرانی بوون و هیچ هاووڵاتیەکی عێراقی بە تایبەت کوردیان تێدا نییە".
جەختیشی کردەوە: "دەزگای لووتکە لەڕێگەی نوێنەرەکەیەوە لە تورکیا، بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە و بەردەوامیش لە هەوڵداین بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان لەسەر چۆنیەتی و دۆزینەوەی قوربانیانی ڕووداوەکە".
باسنیوز
