بەڕێوبەری ئاوی هەولێر: بەهۆی كەمیی كارەبای نیشتمانی چەند گەڕەکێک کێشەی ئاویان هەیە
ئاری محەمەد، بەڕێوبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاند: "لەگەڵ هاتنی وەزری گەرما، كەمبوونی ئاو لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر، گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە و ئەمەش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەمیی پێدانی كاژمێرەكانی كارەبا كە بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ هەیە".
بەڕیوەبەری ئاوی هەولێر ڕاشی گەیاند: "بەهۆی بوونی زۆرێك لە باخچەكانی پێش ماڵان لە گەڕەكەكان هاووڵاتیان بە شێوەیەكی ناڕێك ئاوی ئەو باخچانە دەدەن و ئەمەش وا دەكات كە ئاو بۆ ماڵەكانی دوای خۆیان نەچێت و نەبوونی تەوافە و پێوەری ئاویش ئەمەش كێشەی دروست كردووە".
ئاری محەمەد گوتیشی: "بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە نابێت كارەبا بە شێوازی پچڕپچڕ بێت و پێویستە ڕۆژانە 12 تا 14 كاژمێر كارەبای نیشتمانی هەبێت، چونكە هەر جارێك كارەبا دەبڕێت، وا دەكات بیرەكان لە سفرەوە دەست پێ بكەنەوە و بوونی ئەو باخچانەش لە گەڕەكەكان گرفتن، چونكە زیان بە گەیاندنی ئاوی پاک و خواردنەوە دەگەیەنن و نووسراویشمان بۆ وەزارەتی شارەوانیش كردووە بۆ هەڵگرتنی ئەم باخچانە".
باسنیوز
