خورماتوو.. پارێزگاری سەڵاحەدین و قایمقامی سەپێندراوی شارەكە عەرەبە هاوردەكان دەگەڕێننەوە بۆ سنوورەكە
ئەمڕۆ سێشەممە 30/6/2020 ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی، ڕایگەیاند: "پارێزگاری سەڵاحەدین و قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو ئێستا هەوڵ بۆ گەڕانەوەی عەرەبە هاورەكان دەدەن بۆ سنووری شاری خورماتوو، بەتایبەت هۆزی (ئەلبوو ڕەیاش) كە كاتی بەعس هاتبوونە سنووری خورماتوو و زەوی و موڵكی خەڵكیان داگیر كردبوو و دوای ساڵی 2003 گەڕابوونەوە ناوچەکانی خۆیان، ئێستاش كە دۆخی ناوچەكە گۆڕاوە، كاریان كردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سنووری خورماتوو".
ئەو بەرپرسەی پارتی: گوتیشی: "عەرەبە شۆڤێنییەكان هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی لەڕێگای یاساییەوە بگەڕێنەوە سنووری خورماتوو و گرێبەستە كشتوكاڵییەكانیان بۆ نوێ بكرێتەوە و ئەو عەرەبانە پێشتر قەرەبووی ماددەی 140 كرابوونەوە، بەڵام ئێستا جارێكیتر دەگەڕێنەوە ناوچەكە كە ئەمەش مەترسییە و ئێستا كار بۆ گۆڕینی دیموگرافیای خورماتوو دەكرێت".
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 خورماتوو بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كرا و لەو كاتەوە جگە لەوەی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە ناجێگیرە، بەشێك لە عەرەبە هاوردەكانیش گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكەی و ئێستاش بڕیارە لەم رۆژانەی داهاتوو لە رێگای پارێزگاری سەڵاحەدین كە خورماتوو ئێستا لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە، هەروەها قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو سەددان خێزانی دیكەی عەرەبی هاوردە بگەڕێننەوە بۆ سنووری خورماتوو".
باسنیوز
