داقووق.. حكوومەتی عێراق هۆزێكی دیکەی عەرەب پڕچەك دەكات
ئەمڕۆ دووشەممە 29/6/2020، هیوا ڕەشید، بەرپرسی ناوچەی داقووقی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "حكوومەتی عێراق لە سنووری داقووق هێزێكی چەكداری لە هۆزی (ئەلبوو مفەرج) دروست كردووە و پڕچەك كراون و لە گۆڕەپانی سەنتەری لاوانی داقووق ڕاهێنانی سەربازیشیان پێ دەكرێت و مووچەشیان پێ دەدات".
گوتیشی: "لەم ماوەیەدا هەر لە سنووری كەركووك چەند هۆزێكی دیكەی عەرەب پڕچەك كراون كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا مەترسییە و نابێت چەك بدرێتە دەست هۆزەکانەوە".
ماوەیەك پێش ئێستاش لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، هۆزەكانی "ئەلبوو حەمدان و نعێم و عوبێد" لە سنووری قەزای حەویجەی سەر بە كەركووك پڕچەك كران و ناویان لێ نرا هێزی هۆزەكانی كەركووك و ئێستاش لە قەزای داقووقی سەر بە كەركووك، هۆزی "ئەلبوو مفەرج" پڕچەك كراون. ئەمە لە كاتێكدایە كە گوندنشینانی كورد رێگەیان پێ نادرێت بە چەكی خۆشیان لە كاتی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعشدا بەرگری لە خۆیان بكەن.
باسنیوز
