وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی روونکردنەوە لەبارەی رێژەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی دەدا

وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی روونکردنەوە لەبارەی رێژەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی دەدا
وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوە لەبارەی رێژەی لێبڕینی مووچەی مانگی 2ی 2020ی فەرمانبەرانی بڵاو کردەوە.

لە روونکردنەوەکەی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی کە تێیدا هاتووە: "بۆیە دوای گفتوگۆیەكی زۆر و گەڕان بەدوای باشترین شێواز وەك سەرجەم وەزارەت و دەزگا و فەرمانگاكانی تری هەرێم (جگە لەوەزارەتی تەندروستی) بڕیارماندا مووچەی ئەم مانگە بە شێوازی رێژەیی ببڕین بە ڕێژەی 12% تاكو 30% جگە لە پلە باڵاكان. كە رێژەی 50% دەیان گرێتەوە".

دەقی روونکردنەوەکە:

دادپەروەری نەك یەكسانی

لای هەموان روون و ئاشكرایە كە ئەو بارودۆخە ناهەموارەی هەرێم پێیدادەروات بارێكی نائاساییە و تەنگەژەیەكی دارایی دژوار لە ئارادایە و كاریگەری زۆری لەسەر سەرجەم دانیشتوان جێهێشتووە بە تایبەتی ئەوەی هەژارەو داهاتی سنووردارو كەمە.

سەبارەت بەشێوازی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی ٢٠٢٠ وەك سەرجەم وەزارەتەكانی تر بەدوای زیاترین بەرژەوەندی كارمەندانماندا گەڕاین و هەوڵی ئەوەمان داوە دادپەروەری بكەینە پێوەری كاركردن نەك یەكسانی كەتەنها لە بەرژەوەندی رێژەیەكی كەمی فەرمانبەرانمانە كەتەنها ٦%ی فەرمانبەرن.

وەك وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رامانگەیاندووەو دووپاتیشی دەكەینەوە لەگەڵ هیچ شێوازێكی لێبڕین نین بە هەر رێژەیەك بێت و هەردەم پشتگیری سەرجەم فەرمانبەرانین، بەڵام لە بارێكی ناچاری وەكو ئێستا و لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران كەهیچ چارەی ترمان نییە، تەنها هەوڵمان ئەوەیە باشترین شێوازی دادپەروەری لەدابەشكردن بكەین بۆ ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستدایە.

بۆیە دوای گفتوگۆیەكی زۆر و گەڕان بەدوای باشترین شێواز وەك سەرجەم وەزارەت و دەزگا و فەرمانگاكانی تری هەرێم (جگە لەوەزارەتی تەندروستی) بڕیارماندا مووچەی ئەم مانگە بە شێوازی رێژەیی ببڕین بە ڕێژەی ١٢% تاكو ٣٠% جگە لە پلە باڵاكان. كە رێژەی ٥٠% دەیان گرێتەوە.

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وەك وەزارەتێكی خزمەتگوزاری كەژمارەی فەرمانبەرانی زۆر كەمەو لەسەر ئاستی كوردستان تەنها (٥٦٨٥)فەرمانبەری هەیە، کەرێژەی ٩٤% ی فەرمانبەرانی مووچەكانیان لە خوار ملیۆنیك و سێسەد هەزار دینارە و كەبەرێژەی خوار لە ٢٥% مووچەكانیان بڕاوە.

ئەم فەرمانبەرانەش كە كەمترین رێژەی مووچەیان بڕاوە لەلایەك خۆیان كەمترین مووچەیان هەیەو لە لایەكی تر لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی گرفتی كۆڕونا لێبڕاوانە لە خانەكانی چاودێری منداڵان و بەساڵاچوان و شەڵتەری ئافرەتان و چاكسازییەكان دەوامیان كردووە، رووبەروو بونەتەوە لەگەڵ گرفتی كۆڕوناو سەختی هاتووچۆو لە كاتی قەدەغەكردنی هاتوچۆو، بە درێژایی ماوەی كەرەنتین ماڵ و منداڵیان جی هیشتووەو جگە لەم كارانەیان كۆڵان بەكۆڵان سەرقاڵی نووسینی ناوی هەژارن و كەم دەرامەتەكان بوون.

بۆیە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان كەمەو بەردەوام لە دەوام دان و رێژەی زۆرینەی فەرمانبەران پێكدەهێنن بە ئەرك و دادپەروەرییەكی دەزانین چاكترە لە شێوازی یەكسانییەك كە مافی زۆرینە پێشێل دەكات و سوودێكی ئەوتۆش ناگەێنیتە ئەو ژمارە كەمەی تری فەرمانبەران.

لەکۆتاییدا، بەسەرجەم كارمەندان و هاوڵاتیانیش رادەگەیەنین كە ئەم دەستكارییە تەنها بۆ مووچەی یەك مانگە واتە مووچەی مانگی شوبات و بە ئومێدی ئەوەشین كە لە زووترین كاتدا باری دارایی و دابەشكردنی مووچە ئاسایی ببێتەوە و هەموو كارمەندان و هاوڵاتییەكی ئەم هەرێمە مافی خۆی وەربگرێت.

كوێستان محمد عبدالله
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
۲۸ی ٦ی ۲٠۲٠













باسنيوز


Top