كەركووك.. بڕیاری گۆڕانكاری لە پۆستی یەكە ئیدارییەكان لە دەسەڵاتی پارێزگاری سەپێندراوی شارەكە دەرهێنرا

كەركووك.. بڕیاری گۆڕانكاری لە پۆستی یەكە ئیدارییەكان لە دەسەڵاتی پارێزگاری سەپێندراوی شارەكە دەرهێنرا
لە شاری كەركووك بڕیاری گۆڕانكاری لە پۆستی یەكە ئیدارییەكان لە دەسەڵاتیی پارێزگاری سەپێندراوی شارەكە دەرهێنرا.

گۆڕانكارییە ئیدارییەكان لە سنووری هەر پارێزگایەك بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بەڵام ئێستا پەرلەمانی عێراق، ئەنجوومەنی كارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی سڕ كردووە و دەسەڵات لای پارێزگارە كە گۆڕانكاریی ئیداری ئەنجام بدات، بەڵام ئێستا حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە كە ئیتر دەسەڵاتی گۆڕانكاری لە پۆستی یەكە ئیدارییەكان لە دەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەوەش ئیتر راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی گۆڕانكاری لە پۆستەكان بكات.

بەپێی نووسراوێكی دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاكانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە واژۆی سەرۆكی دەستەكەی لەسەرە و ئەمڕۆ یەكشەممە 28/6/2020، بڵاو كراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە گۆڕانكاریی لە پۆستەكانی جێگری پارێزگار و قایمقامەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و یاریدەدەرانی پارێزگار، تەنیا بە ڕەزامەندیی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت.

ئێستا لە كەركووك كۆمەڵێك پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بە شێوەی وەكالەت بەڕێوە دەبرێن كە سەرەكیترینیان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كەركووكە كە خوشكەزایەكی راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كاتێك كە كەركووك بە خیانەتی گرووپێكی ناو یەكێتیی ڕادەستی حەشدی شەعبی كرا جگە لە خراپیی دۆخی ئەمنی، دەیان پۆستی ئیداری و سەربازی لە كورد وەرگیراوەتەوە و دراوە بە عەرەب كە دواترینیان پۆستی بەڕێوەبەری وەقفی سوننەی كەركووكە.












باسنيوز



Top