هێزێكی عێراقی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی فەرماندەیی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا كە میدیاكانی عێراق ناوەڕۆكەكەیان بڵاو كردۆتەوە، بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێك لە چەند پارێزگایەك لە نێویشیاندا پارێزگای سلێمانی ئەنجام دراوە.
ئۆپەراسیۆنەکە لە دژی چەند ”قاچاغچی“یەکی بواری ئینتەرنێت لە پارێزگاكانی (دیالە، نەینەوا و سلێمانی) بووە، کە لەڕێی دانانی بورج و ئامێری ئەلیکترۆنییەوە، تۆڕی ئینتەرنێتی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتیان دزیوە و جەخت كراوەتەوە كە لە ئەنجامدا دەست بەسەر بورج و ئامێرەکاندا گیراوە.
ئەمە یەكەمین جارە هێزێكی عێراقی بە فەرمی بانگەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بكات و نازاندرێت ئاخۆ راستەوخۆ ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجام داوە یاخود هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی هاوكارییان كردوون.
باسنيوز
