ئەسیل نوجێفی: بۆ ڕێگرتن لە هێرشی توركیا بۆ سەر شنگال دەبێت پەكەكە لە سنوورەكە دەربكرێت
ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی مووسڵ و سەرکردە لە بەرەی ئینقاز و تەنمیە، رۆژی سێشەمە، ئەو ناوچانەی دیاری کرد کە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە شنگال و دەوروبەری کۆنترۆڵی کردوون، داواشی لە بەرپرس و دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە، چەکدارانی ئەو حزبە لە ناوچەکە دەربکەن، لەبەر دوو هۆ، یەکیان رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا، دووەمیشان بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بۆ شوێنی خۆیان.
ئەمڕۆ چوارشەمە 2020.6.24 نوجێفی لەسەر لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، قەزای شنگال بە ناحیەکانی سنونێ و خانەسۆر و ناحیەی قەحتانیەی سەر بە قەزای بەعاج لە مووسڵ کۆنترۆڵ کردوون".
نوجێفی دیاریشی کردووە کە: "پەکەکە چەندین ئیدارەی خۆجێی سەپاندوون، کە هیچ پەیوەندییەکی ئیدارییان بە حکوومەتی عێراق نابەستێتەوە، نە لەڕێی مووسڵ و نە لەڕێی هەرێمی کوردستانیشەوە".
جەخیشی کردووەتەوە: "ئاسایش و پەیوەندییەکان هەمووی لەگەڵ باڵی پارتی کرێکارانە لە سووریا ئاماژە بۆ ئەوەش ئەکات، کە ئەم دۆخە هۆکاری سەرەکییە لە نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ئەو ناوچانە".
پارێزگاری پێشووی مووسڵ داوای لە سوپای عێراق کردووە کە: "ئەو گرووپانە لە شنگال دەربکات و بیگێڕنەوە سەر مووسڵ و جەختیش ئەکاتەوە کە: "ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هیچ بیانوویەک بۆ هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق نەبێت".
هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستان دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی قەزای مەخمووردا سەپاندووە، کە هەفتەی رابردوو لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردومان کرا.
باسنیوز
