ئومێد خۆشناو: لە ٢ی مانگی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكرێت

ئومێد خۆشناو: لە ٢ی مانگی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكرێت


سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای كرد، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكرێت.

ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راگەیاند: "دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو په‌رله‌مان 14 رۆژ له‌ كه‌ره‌نتین بوون، چونكه‌ ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان و چه‌ند كارمه‌ندێكی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ تووشی كۆرۆنا بوون، خۆشبه‌خاته‌ ره‌وشی ته‌ندروستییان باشه‌، ڕێكارەكان گیراوه‌ته‌به‌ر، له‌ رووی پاككردنەوەی باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان، له‌مڕۆوه‌ ده‌وامی ئاسایی په‌رله‌مان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش ئەمڕۆ كۆبوونەتەوە، هیوادارین به‌زووترین كات كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان بكرێت“.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوان پێیانوایە هیچ هۆكار نییه‌ بۆ راگرتنی كاره‌كانی په‌رله‌مان، چونكە چه‌ندین داواكاری ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراوه، لە نێویاندا داواكاریی لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ كه‌ مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش خراوه‌ته‌ ڕوو، داواكاریی لێژنەی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان كە داوا كراوە ڕەوشی سنووره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ ئارام بكرێته‌وه‌، پێوسته‌ بابه‌تی قه‌رزه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له ‌په‌رله‌مان باس بكرێت، جگە لە بابەتی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئومێد خۆشناو ئەوەشی ئاشكرا كرد كە یاسای چاكسازی لە ٢ی مانگی داهاتووەوە دەكەوێتە باری جێبەجێكردنەوە، بۆیە ”دەبێت په‌رله‌مان به ‌وردی چاودێری بكات، له‌ یاساكه‌دا هاتووە كە سێ مانگ جارێك حكوومه‌ت راپۆرتی خۆی لەمبارەیەوە بداته‌ په‌رله‌مان، بۆ چاودێریكردنی هه‌موو ئه‌و پرسانه،‌ گرنكه‌ په‌رله‌مان رۆڵی خۆی ببینێت.

باسیشی لەوە كرد كە حكوومەت ڕێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی یاساكەی تەواو كردووە و لێژنەی بۆ دیراسەكردن و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی راسپاردووە، وەزارەتەكان كاری خۆیان كردووە، بۆیە ”هەر گرفتێك بخرێتە بەردەم یاساكە، وەك پەرلەمان هەڵوێستمان دەبێت“.






باسنیوز
Top