بەهۆی تەقینەوەیەک لە سەرێکانی 12 کەس بوونە قوربانی
سەرچاوەیەک لە سنوورەکە ڕایگەیاند: "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2020.6.23 ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە دەوروبەری فولکەی "تەل حەلەف" بە دووریی دوو کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان تەقیوەتەوە".
سەرچاوەکە گوتیشی: "لە ئەنجامی تەقینەوەیەک سێ کەس کوژراون و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون کە بریندارەکان هەندێکیان بارودۆخیان ناجێگیر بووە و بۆ چارەسەر براونەتە تورکیا".
ئەو ناوچانەی کە ئێستا لە ڕۆئاژای کوردستان و باکووری سووریا دەکەونە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا، لە بارودۆخێکی ناجێگری ئەمنیدان و بەردەوام تەقینەوە و کردەوەی توندوتیژی تێیاندا ڕوو دەدات و چاودیرانی سیاسی لەو باوەڕە دان ئەو میلیشیایانە بە پاڵپشتیی تورکیا لە هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە دان و دەیانەوێ کوردەکانی تێدا دەرپەڕینن و خەڵکی دیکەی عەرەبی ناوچەکانی سووریا لەجێیان دابنرێت.
باسنیوز
