گوندێکی دیکەی زاخۆ لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵ کرا
لەمبارەوە دلشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی (باتیفا)ی سەر بە قەزای زاخۆ، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دانیشتوانی گوندی "کەشان"ی سەر بە باتیفا لەبەر شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، بە یەکجاری گوندەکەیان چۆڵ کردووە و ڕوویان لە سەنتەری ناحیەکە کردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە بە شێوەی کاتی خەڵکەکەمان لە هەندێ شوێن جێگیر کردووە، هەتا چارەسەرێک بۆ ڕەوشەکە دەدۆزرێتەوە و مەترسی لەسەر دانیشتوانی گوندەکە نەمێنێت و پاشان بگەڕنەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆردومانی سنووری گوندی کەشان، ترس و دڵەڕواکێیەکی زۆری لەناو خێزان و ژن و منداڵی گوندەکە دروست کردووە و لەبەر ترسی گیانیان بە یەکجاری شوێنەکەیان بەجێ هێشتووە".
چۆڵکردنی ئەم گوندە لە کاتێکدایە، ئیدریس هەرکی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند: "بەهۆی شەڕ و پێکداداننی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە سنووری قەزا و ناحیەکانی پاریزگای دهۆک 300 گوند چۆڵ کراون و زیاتر لە سێ ملیا دینار زەرەر و زیان بە خەڵک و کەرەتە حکوومییەکان گەیشتووە".
هەر بەهۆی شەڕی پەکەکە و لە ئەنجامی بۆردومانی سوپای تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە هەردوو قەزای ئامێدی و زاخۆی سەر بە دهۆک 32 هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون.
باسنیوز
