سەرۆکی ئۆکرانیا هەڕەشە لە ئێران دەکات: دادگا کێشەی فڕۆکەکەمان یەکلایی دەکاتەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا هەڕەشە لە ئێران دەکات: دادگا کێشەی فڕۆکەکەمان یەکلایی دەکاتەوە
سەرۆکی ئۆکرانیا هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت، دادگای نێودەوڵەتی کێشەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە یەکلایی دەکاتەوە.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی بە 176 گەشتیار و تیمی فڕۆکەوانییەوە لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە هەموو سەرشینەکانی گیانیان لەدەست دا.

ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە رۆژنامەیەکی کەنەدی راگەیاندووە، لەگەڵ جاستن ترۆدۆی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رێککەوتووە لەسەر زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران بۆ ناردنەوەی سندووقە رەشەکەی فڕۆکە تێکشکاوە ئۆکرانییەکە.

ڤلادیمێر زیلینسکی هەروەها رایگەیاندووە، پێویستە ئێران بە فەرمی داوای لێبووردن بکات و قەرەبووی ماددیی زیان لێکەوتووان بکاتەوە، ئەگەرنا پرسەکە دەبەنە دادگایەکی نێودەوڵەتی.

سەرەتا حکوومەت و میدیاکانی ئێران رەتیان کردەوە فڕۆکەکە بە مووشەک پێکرابێ و باسیان لەوە کرد، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئاگری گرتووە و کەوتووەتە خوارەوە.

دواتر لە رۆژی شەممە 11-1-2020، سوپای پاسدارانی ئێران دانی بەوەدا نا، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە مووشەکێکی سوپا بە هەڵە، تێک شکاوە.

دوای دان نان بە خستنەخوارەوە فڕۆکە ئۆکرانییەکە، دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، کە سندوقی رەشی فڕۆکەکە بۆ فەرەنسا دەنێرن، بەڵام تا ئێستا نەیان ناردووە.










باسنيوز


Top